گرنگی بونی ئافرەت لە پێگەی بڕیار..
(*)
پێشکەوتنەکانی ئەمرۆی جیهان هەڵگری کۆمەڵێک ئاستەنگ و گرفتە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی و ئافرەتان بە تایبەتی، کە هەندێکیان بونەتە کۆسپ لەبەردەم رۆڵ و تێروانینەکانی لە نێو کایە جیاوازەکاندا..
پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو یەکەم پارتی سیاسی لە گۆرەپانی فیداکاری و بەرخودان بۆ بەدەستهێنان و بەرگری کردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، و لە پاڵ ئەوەشەوەلەناو بازنەی کاری سیاسی و بە دەرک کردن بە گرنگی رۆل و پێگەی ئافرەت لەناو پارتی دا ئەم باسە فەرامۆش نەکرا، دۆسیە کۆمەڵایەتیەکان لای پارتی هاوتەریب لەگەڵ دۆسیە سیاسیەکان بایەخی تەواوی پێدرا وێرای هەمو ئەو دۆخە نەخوازراوو سەختەی لە قۆناغەکانی شۆرش رووبەروی دەبۆوە..
بۆ ئەم مەبەستەش سەرکردایەتی حزب لە ساڵی ١٩٥٢ و لەسەر بڕیاری ( بارزانی نەمر) رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەکو یەکەمین رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەتانی دامەزراند، لەو کاتەوە و تائێستاش ئەم رێکخراوە توانیویەتی سەنگ و پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستانی و دەرەوی کوردستانیش بپارێزیت و هەمیشە فاکتەری بەرجەستەکردنی مافەکانی ئافرەتان بوە بێ جیاوازی.
ئەوەی کرۆکی باسەکەمە پارتی دیموکراتی کوردستان و تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ گرنگی بونی ئافرەتان لە ناو پۆستە باڵاو پێگەکانی بڕیار رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوە لەسەر چەندێتی و چۆنیەتی بونی ئافرەتان لەناو حزب دا..
یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان خواست و ویستی ئافرەتانی ئۆرگانە جیاوازەکان بو بۆ خستنە روی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی روبەروی توانا ولێهاتویی ئافرەتان دەبێتەوەو خستنەروی خاڵی بەهێزو لاوازی دامەزرواەکان و پرۆسە نیشتمانی و حزبیەکان بو، خەسڵەتێکی تایبەتی ئەم کۆنفرانسە کاری دەستە جەمعی و تیمەکان بو کە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و چاوپێکەوتن و دیراسەکردنی بابەتەکانی کۆنفرانس بو بە شێوەیەکی پیشەیی و ئەکادیمی و خستنەروی دەرەنجامەکان لە ناو پانێلەکانی کۆنفرانس.
لێرەدا بونی ئافرەت لە بەرزترین پێگەی بڕیار لە ناو حزب و بەشداری کردنی لەبڕیارەکانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی بە تێڕوانینێکی ژنانە کاریگەری خۆی هەبوەو یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی لێ بەرهەم هات کە بوە سەکۆکەیەک بۆ کۆکردنەوەو لەیەک نزیک کردنەوەی ئافرەتانی سەرجەم ئۆرگانەکان لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە دیراسەکردنێکی واقعی و زانستیانەی رەوشی ئافرەتان بو لە سەرتاسەری کوردستان بە میکانیزمە جیاوازەکانی کارکردن..
(*)
تاڤگە عومەر ڕەشید
