لیژنەی ناوچەی ڕێبازی پارتی دیموكراتی كوردستان: لە ئێستادا گوڵان وەك سەكۆیەكی ئازاد و كراوە و بە گیانێكی بەرپرسیارانە بایەخ بە كۆی پرۆسەی حكومڕانی و خواست و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان دەدات

لیژنەی ناوچەی ڕێبازی پارتی دیموكراتی كوردستان:  لە ئێستادا گوڵان وەك سەكۆیەكی ئازاد و كراوە و بە گیانێكی بەرپرسیارانە بایەخ بە كۆی پرۆسەی حكومڕانی و خواست و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان دەدات

 

 لیژنەی ناوچەی ڕێباز – ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی سی و یەكەمین ساڵیادی گۆڤاری گوڵان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و ستافی گۆڤاری گوڵان كردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بۆ/ هەڤاڵ فەرهاد محمەد سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

 هەڤاڵانی بەڕێز ی دەستەی نووسەران و تەواو ستاڤی گۆڤاری گوڵان

بە بۆنەی سی و یەكەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسین و ئەندامانی دەستەی نووسەران و تەواوی ستافی گۆڤارەكەتان دەكەین.

دەرچوونی گۆڤاری گوڵان لە ساڵی 1994، وەرچەرخانێكی تازە بوو لە ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ، بۆ یەكەمین جار لە كوردستانێكی ئازاددا گۆڤارێك بە زمانی كوردی دەربچێت و وەك دەسەڵاتی چوارەم مامەڵە لەگەڵ حكومەت و پەرلەمان و تێكڕای دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بكات و، ئەم ئاراستەیەشی كرد بە میتۆدێك لە ڕۆژنامەگەری لەسەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەردەوامیی گۆڤاری گوڵان لە ماوەی زیاتر لە 30ی ساڵی ڕابردوو، بە پابەندبوون بە پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و ، هاندانی گیانی تەبایی و برایەتی لەنێوان سەرجەم ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان و ، ڕەنگدانەوەی كۆی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەسەر لاپەڕەكانی ، ئاماژەیە بۆ جدییەتی كاری ئەم گۆڤارە خۆشەویستە.

لە ئێستادا  گوڵان وەك سەكۆیەكی ئازاد و كراوە و بە گیانێكی بەرپرسیارانە بایەخ بە كۆی پرۆسەی حكومڕانی و خواست و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان دەدات و، لە میانەی سازدانی گفتوگۆی ڕاشكاوانە، میكانیزم و پێشنیاری دروست بۆ كێشەكان دەخاتەڕوو.

جارێكی دیكە هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.

 

ناوچەی ڕێباز

22ی نیسانی 2025

 

Top