لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بەندەری نەوتی یەمەن لانیکەم ٨٠ کەس کوژران
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕۆژی شەممە 19ی نیسان بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی قورسیان بۆ سەر بەندەری نەوتی شاری حودەیدە ئەنجامداوە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای یەمەن و لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانی کەم ٨٠ کەس کوژراون و ١٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم هێرشە بە کوشندەترین هێرشی سوپای ئەمریکا لە دژی ئەم گرووپە میلیشیا شیعەیە دادەنرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی دەکات.
هاوکات ئەمریکاش هێرشەکەی بۆ سەر بەندەری نەوتی شاری حودەیدە پشتڕاستکردەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند: کە ئامانجی هێرشەکە لەناوبردنی سەرچاوەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ تیرۆریستانی حوسییەکانی سەر بە ئێران بووە.
هەروەها ئامانج لەم هێرشە لاوازکردنی دەسەڵاتی ئابووری حوسییەکان بووە و حوسییەکان ئەم بنکە ئابوورییەیان بەکارهێناوە بۆ سەرکوتکردنی گەلی یەمەن و ئازارگەیاندنیان.
گوڵان: سەردار خەلیل
