ڕووسیا کەسێکی دەستگیرکرد کە تۆمەتبارە بە پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی
دەزگای ئاسایشی ڕووسیا (FSB) دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی ئاسیای ناوەڕاستی ڕاگەیاند، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێکی تیرۆریستی.
دەزگای ئاسایشی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە 16ی نیسان ڕایگەیاند: پیاوێکی دەستگیرکردووە کە بەنیازبوو هێرشێکی تیرۆریستی لە ناوچەی پیتیگۆرسک ئەنجام بدات.
بەگوێرەی ئەو وردەکاریانەی کە خراوەتەڕوو، ناوبراو هاووڵاتییەکی وڵاتێکی ئاسیای ناوەڕاستە و ئەندامی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتییە.
دەزگای ئاسایشی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کە دەستگیرکراوەکە بەنیازبووە دوای هێرشە تیرۆریستیەکە بچێتە سوریا بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکە.
دەوترێت لە کاتی دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییەی ئاسیای ناوەڕاست، بڕێک چەک دۆزراوەتەوە و لە شوێنی نیشتەجێبوونی دەستی بەسەردا گیراوە.
دەزگای ئەمنی ڕووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە "تیرۆریستێک"یان کوشتووە کە پلانی هەبوو هێرش بکاتە سەر کەنیسەیەک و میترۆی مۆسکۆ.
ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند: کە ئەو بەنیازبووە دوای هێرشەکان بچێتە ئەفغانستان و پەیوەندی بە گرووپێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتییەوە بکات.
ناوبراو پێشتر دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی داعشی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندبوو.
ڤلادیمێر پوتین؛ سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئیمومعەلی ڕەحمۆن، سەرۆکی تاجیکستان جەختی لەوە کردەوە، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسیانەی لە خاکی ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرن، ڕووسیا ناتوانێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر بە ئاسایشی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست.
ناوبراو نیازی خۆی بۆ زیادکردنی هاوکاری سەربازی و دژە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ تاجیکستان ڕاگەیاند.
گوڵان: سەردار خەلیل
