ترەمپ: زێلێنسکی بەرپرسیارە لە مردنی ملیۆنان کەس
دوای هێرشە کوشندەکەی دوێنێی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە بە دەیان کەس کوژران، دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەمریکا زێلێنسکی بە بەرپرسی شەڕی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، کە ئەو بەرپرسە لە کوژرانی ملیۆنان کەس.
دوای هێرشە کوشندەکەی دوێنێی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە بەهۆیەوە 35 کوژراو و 117 برینداری لێکەوتەوە، دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەمریکا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە بەرپرسیار زانی لە دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، زێلنسکی بەقەد ڤلادیمێر پوتین بەرپرسیارە لە "ملیۆنان گیانلەدەستدان" لە شەڕی ئۆکرانیادا.
ناوبراو لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: تۆ شەڕ لەگەڵ کەسێک دەست پێناکەیت کە 20 ئەوەندەی قەبارەی خۆت گەورەتر بێت و دواتر هیوای ئەوە بخوازیت خەڵک مووشەکت پێبدات.
ترەمپ هەروەها جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریكای بە شەڕی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.
ئەم لێدوانەی ترەمپ ڕۆژێک دوای هێرشە بەرفراوانەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری « سومی » ئۆکرانیا هات کە یەکێکە لە خوێناویترین هێرشەکانی ڕووسیا لەمساڵدا.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشەکە، بە "ترسناک" وەسفی کرد و گوتی ڕووسیا "هەڵەی کردووە" بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: بەهۆی سێ کەسەوە ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستدا. "با بڵێین پوتین ژمارە یەکە، با بڵێین بایدن کە نەیدەزانی چی دەکات، زێلێنسکی ژمارە دووە ".
بەپێی خەمڵاندنەکان لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ەوە سەدان هەزار كەس لە هەردوو لاوە کوژراون یان بریندار بوون.
ترەمپ لە پرسیارکردن لەسەر لێهاتوویی زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی ئۆکرانیا " هەمیشە هەوڵی کڕینی مووشەک دەدات".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: کاتێک شەڕێک دەست پێ دەکەیت كە دەزانیت دەتوانیت سەرکەوتن بەدەست بهێنیت.
ترەمپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لەمساڵدا چەندین جار لەگەڵ زێلینسکی كێشەیان هەبووە. پێشتریش ئۆکرانیای بە هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکە تۆمەتبار کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
