نێچیرڤان بارزانی، ئەو کەشتیوانەی هەرێمی کوردستان لە زریان و شەپۆلەکان دەرباز دەکات بۆ کەناری ئارامی
"پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان لە مێژینە و دێرینن دوو ئاراستە یەک ئامانج".
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، هاوكێشە سیاسییەکان دەگۆڕێت.
سەرەتای ساڵی نوێ لە هەرێمی کوردستان سەرەتای قۆناغێکی سیاسیی نوێیە، هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سیاسیی چالاکیەکانی فراوان و کاریگەربوون، لە دەستپێکی ساڵدا جوڵە دیپلۆماسییەکان گەرموگوڕی زیاتریان بە خۆیانەوە بینی.
فەرەنسا یەكێكە لە وڵاتە كاریگەر و پێشكەوتووەكانی دونیا و هەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، سوودێكی ئێجگار زۆری هەیە. لە كۆنەوە پەیوندییەكانی گەلی كورد و گەلی فەرەنسا باش بووە و وڵاتی فەرەنسا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە پشتگیری دۆزی ڕەوای كوردی كردووە بە تایبەت لە ساڵی 1992 پێشنازی كرد لە ئەنجوومەنی ئاساییش بۆ دەركردنی بڕیاری 688 تایبەت بە پاراستنی هەرێمی كوردستان. هەر لە شۆڕشەكانی كورد و تا راپەڕین و دواتریش تاكو شەڕی داعش، فەرەنسا هاوكارێكی باشی هەرێمی كوردستان بووە و بە بەردەوامی لە سەر هێل بووە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە باشووری كوردستان و راستەوخۆ پشتگیری مافەكانی كورد كردووە. فەرەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی كورد دەتوانێ پشتی پێ ببەستێت و بە دۆستێكی نزیك و وەفاداری خۆی هەژمار بكات.
سەردانی نێچیرڤان بارازنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری و ئەم پێشوازییە گەرمەی لە لایەن ئیمانۆیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرنسا لێیان كرا هاوتای پێشوازی كردن بوو لە سەرۆكی وڵاتێكی سەربەخۆ هەروەها پەیامێك بوو بۆ ئاییندەی كورد و ئەو چوار وڵاتەی كوردستانی گەورە بە سەریاندا دابەش كراوە. ئەم پێشوازییە گەرمە پەیامێكی گرنگ بوو بۆ ئەو دەوڵەتە كوردییەی كە لە ئاییندەدا دروست دەبێت و دەبێتە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی فەرەنسا و، فەرەنسا بناغەیەكی پتەوی داناوە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لە گەڵ كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی، گرنگی ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەش لەوەدایە كە كورد دۆستێكی زڵهێز و خاوەن پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە ناوچەكەدا.
لە دوا ڕۆژدا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا دەگەنە بواری ئابووری و سیاسیی هاوپەیمانێتی گرنگ، ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانیش یەكێكە لەو پایە بەهێزانەی كە ئەم پەیوەندییانە لە سەری دروست دەكرێن و پێشوازیكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەم شێوازە دیپلۆماسییە گەرم و بەرچاوە، راستەخۆ پەیوەندی بە كەسایەتیی بەهێز و كاریگەری نێچیرڤان بارزانی و پێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو.
لە شەڕی دژی داعشدا، فەرەنسا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە كە پشكی شێری بەركەوتووە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و پشتگیری كردنی لە مافەڕەواكان گەلی كورد و، بە تایبەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و رێزگرتن لە ئەنجامەكانی. ڕاستە فەرەنسا دووپاتی لەوە كردەوە كە لەگەڵ یەكپارچەیی عێراقدایە، بەڵام جەختی لە یەكپارچەییەكی كرد كە بە گوێرەی دەستوور بێت و مافەكانی كورد پێشل نەكرێن.
بۆ فەرەنسا روون بووە كە بەغدا نیازی چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ هەولێردا نییە لە رێگەی دانیشتنی سەر مێز، بەلكوو بەغدا دەیەوێت بە زەبری هێز ئایدولۆژیی مەزهەبی بە سەر كورددا بسەپێنێت و هەرگیز فەرەنساش ئەم سەپاندنە پێی قبوول نییە..
فەرەنسا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە و خاوەن پێگەیەكی تایبەتییە لە یەكێتی ئەوروپا، ئەمە لە كاتێكدایە كە فەرەنسا خاوەنی سیاسیەتێكی بەهێزی دەرەكییە و دەتوانێ رۆلێكی كاریگەر ببینێت لە نزیك كردنەوەی هەولێر و بەغدا. هەر بۆیەشە بۆ زیاتر تێكگەیشتن بە جیا بانگهێشتی فەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردووە و دەیەوێت میكانیزمێك بدۆزیتەوە بۆ لێك نزێك كردنەوە.

دهۆك بارزانی