خەوی دروست دڵ لە نەخۆشی دەپارێزێت
لە ڕاپۆرتەكانی كۆمەڵەی ئەمریكیی تایبەت بە تەندروستیی خەو ASA هاتووە كە خەوی دروست و كوالێتی بەرز، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەم دەكاتەوە هەتا لەو كەسانەشدا كە مێژووی خێزانییان هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ. هەروەها پەیمانگەی نیشتیمانیی فەرەنسی تایبەت بە تەندروستی و توێژینەوەی پزیشكی، جەختی كردووەتەوە كە خەوی دروست ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تا ڕێژەی 74% كەم دەكاتەوە، چونكە هاندەرە بۆ حەسانەوەی دڵ و مێشك لەگەڵ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، كەچی كەم خەوی یان كوالێتیی خراپی خەو، هۆكارە بۆ شێواندنی سیستمی دەماریی سیمپەتاوی و بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، هاوكات لەگەڵ زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی سترێس، بەتایبەتی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol و كەمبوونەوەی توانای پاكبوونەوەی مێشك لە ماددە زیانبەخشەكان، ئەمانە هەموویان هاندەرن بۆ هەڵبەزین و دابەزینی تێكڕای لیدانەكانی دڵ و شێواندنی ڕیتمی گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسوولكەی دڵ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەكاتی شەودا، دەرەنجام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەبێت.
