لەهێرشی مووشەکی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر لە ٢٠ کەس کوژران
سەرچاوە میدیاییەکان هێرشێکی نوێی ڕووسیایان بۆ سەر ئۆکرانیا ڕاگەیاند و ڕایانگەیاند: کە زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کوژراون.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی یەکشەممە 13ی نیسان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری سومی لە باکووری ئۆکرانیا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، هێرشەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕوویداوە.
ئاندرێ یەرماک؛ سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا خەڵکی مەدەنی کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ستیڤ ویتکۆف؛ نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تاوتوێ كرد.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی؛ سەرۆکی ئۆکرانیا دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆی ئۆکرانیا داوای لە ئەمریکا و ئەوروپا کرد توندتر بن بەرامبەر بە ڕووسیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووسیا ڕێک ئەم جۆرە تیرۆرەی دەوێت و ئەم شەڕە درێژدەکاتەوە. بەبێ فشار لەسەر دەستدرێژکار، ئاشتی مەحاڵە. "گفتوگۆکان هەرگیز مووشەکەکانی بالیستی و بۆمبی ئاسمانییان ڕانەگرتووە".
دۆناڵد ترەمپ؛ دوای دووبارە چوونە ناو کۆشکی سپی، چەندین جار ڕایگەیاندووە کە کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا دێنم.
هەر لەو پێوەندییەدا چەندین دیدار لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە و مانگی ڕابردووش ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕێککەوتوون کە هێرش نەکەنە سەر ژێرخانی وزەی یەکتر.
بەڵام لەو کاتەوە هەردوولا چەندین جار یەکتریان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
