سپڵە و نکۆڵیکەر لە چاکە شایانی چاکەکردن نیە
(مارك توین ) نووسەری ئەمریكی دەڵێ "سپڵە و نكۆلیكەر لە چاكە خراپترین و قێزەونترین بوونەوەرن لە سەر ڕووی زەوی ".
بێگومان سپڵەیی و نكۆڵیكردن لەچاكە لە سیفات و تایبەتمەندییە قێزەوەنەكانن و بە هیچ شێوەیەك پەسند نین و، هەمیشە كەسە ناشیرین و قێزەوەنەكان لە ناخ و دەروون سپڵەن و نكۆڵی لە چاكە و خێر و جوانی و یارمەتی و هاوكاری دەكەن. هەردەم ئەو جۆرە كەسانە ناڕازین بە بەردەوامی لەوەی هەیانە و لە دەوروبەریان و لە خۆیان و بەردەوام گلەیی و گازاندە دەكەن، خاوەن دڵ و دەروونێكی تاریكن و بە ڕەشبینی دەوربەریان دەبینن و بەرامبەرەکانیان هەست ناكەی كەوا ویژدان و دڵ و دەروونێكی ئاسودەیان هەیە، لە ڕووخسار و ڕەفتار و ئادكار و گوفتاریان سپڵەیی و ناشیرینی و دووركەوتنەوە و ناڕەزایی و بەردەوام نكۆڵی كردن و بیانوو و پاساو بەدی دەكەی، هەردەم نكۆڵی دەكەن لە جوانی و باشی قسە و ڕەفتار و چاكەی ئەوانی تر. بێگومان هەریەكێ نكۆڵی لە قسەی باش و یارمەتی و ڕەفتار و ئامۆژگاری كردنی باش و ڕێنیشاندان و بەخشینی ئەوانی تر بكاتەوە هەر چەندە لەگەڵیان نەرم و نیان و باش و نزیك بی سوودی نابێت، لێرەدا ڕێك قسەی نووسەر و شاعیری لوبنانی (جبران خەلیل جبران) بیرمان دەكەوێتەوە كە دەڵێ" سەرت سوڕ نەمێنێ كە دەبینی شەڕو بەدی و خراپە لەو شوێنانە دەبینی كە چاكە و جوانی و خێرت لێ چاندووە" بۆیە هەندێ زەوی هەیە هەر چەند گرنگی پێبدەی بە كەڵكی كشتوكاڵ كردن نایەت، بەڵام ئەوەشمان لە بیر نەچێت هەمیشە پیاوی نموونەیی چێژ و خۆشی دەبینی لە پێشكەش كردنی چاكە و خزمەت كردنی ئەوانی تر و لە هەمان كاتدا شەرم دەكات كە داوای یارمەتی بكات لە كەسانی تر.
دەگێڕنەوە جارێك پیاوێك دەگەڕا بە قەراغی دارستاندا و بینی وا مارێك هەوڵی ڕزگاركردن دەدات كە بەردێك كەوتۆتە سەر پشتی توانای دەربازبوونی نییە، پیاوەكە ڕزگاری كرد كاتێك مارەكە دەرباز بوو گوتی سوێندم خواردوە ئەوەی یارمەتیم بدات پێوەی دەدەم، پیاوەكە پێی گوت ئەمن یارمەتی تۆم داوە چۆن دەتەوێ پێمەوە بدەی . مارەكە گوتی پێتەوە دەدەم ، پیاوەكە گوتی پێش ئەوە با پرسیار لە (3) سێ گیانەوەری تر بكەین كە لە رێگای خۆمان دەیانبینین ئەگەر مافیان پێدای بە پێوەدان ئەوا پێوەم بدە، كەمێك ڕۆیشتن و مانگایەكیان بینی و چیرۆكەكەیان بۆ گێڕایەوە بە تەواوی و گوتی سەرەڕای ئەوەی شیر دەدەم بە مرۆڤـــ و چاكەكەم لە بیر دەكەن و لە كۆتاییدا سەرم دەبڕن و بەزەییت پێدانەیەتەوە و پێوەی بدە، بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن دواتر گوێ درێژێكیان بینی و هەمان پرسیاریان لێكردو و وەڵامی دایەوە و گوتی سەرەڕای ئەوەی من خزمەت بە مرۆڤـــ دەكەم و هەموو كاری قورسیان بۆ دەكەم و لێم توڕە دەبن و لێم دەدەن ئازارم دەدەن و گوتی دڵ نەرم میهرەبان مەبە لەگەڵی پێوەی بدە، بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن لە رێگادا گورگیان بینی و چیرۆكەكەیان بۆ گێڕایەوە و گوتی بڕواتان پێناكەم تا بەچاوی خۆم نەیبینم بزانم چۆن بووە لە پێشم باببینم، مارەكە ڕاکشاو پیاوەكەش بەردێكی گەورەی هێنا و خستیە سەری و بە گورگەكەی گوت بەو شێوەیە بوو من دیتم، گورگەكە گوتی لێیگەڕێ و وازی لێ بهێنە و چۆن دیوتە لە ژێر بەردەكە باوا بێت، چونكە سپڵە و نكۆلیكەر لە چاكە شایانی یارمەتیدان نییە.
ئەو چیرۆكە پێمان دەڵێ سپڵەیی و نكۆڵیكەر لە چاكە شایانی چاكە و باشە كردن نییە، ئەوەی ڕاهاتبێت لە سەر سپڵەیی و نكۆڵیكردن چاكە و باشە كردن نایگۆڕێ، مەرج نییە ئەوەی دەستی یارمەتی و هاوكاری بۆ درێژ بكەی وەڵامی چاكەكانت بداتەوە بە ئەمەكی و بەخشندەیی و چاكەیی و هەندێ دڵ تەنها بەرژەوەندیی و مەرامی خۆیان دەبینن و كاتێك لە تەنگژە و گرفتەكان ڕزگار و دەربازیان دەبێ لە بیر دەكەن کە كێ هۆكاری یارمەتیدان و پاڵپشتیان بووە بۆ ڕزگار بوون و دەرباز بوونیان بەخشندە وخاوەن چاكە بە لە بەخشین و چاكە كردن، بەڵام دانا بەلە هەڵبژاردنی ئەوانەی شایانی چاكە كردنن.
ماوەتەوە بڵێم هەمیشە ئەو دڵ و دەروونانە پاكترین و جوانترین و خۆشەویسترینن كە هەرگیز سپڵە نین و نكۆڵی ناكەن لە چاكەكان سەرەڕای هەبوونی ناكۆكی و ناتەبایی توند لە نێوانیان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن