لە ژەمی بەربانگدا ئەم خۆراكانە كەم كەرەوە
واباشترە كە لە ژەمی بەربانگ (فتار)دا بڕی وەرگرتنی كالۆری سنووردار بكرێت لە ڕێگەی خواردنی بڕی بچووك لە خۆراكی تەندروست، بەمەبەستی ڕێگرتن لە هەستكردنی زۆری ڕۆژووەوان بە هیلاكی و برسیبوون و كەمبوونەوەی تەركیز، بۆنموونە دووركەوتنەوە لە:
• شلەمەنییە شیرینكراوەكان Sweet beverages، هەروەها دواخستنی خواردنی شیرینی بۆ 2-3 كاتژمێر پاش فتاركردنەوە، بەمەرجێك بە بڕی كەم بێت، چونكە بڕی زیاد هۆكارە بۆ دواكەوتنی هەرسبوونی خۆراك و كۆبوونەوەی گاز لە ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا، هاوكات لەگەڵ هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن كە ئارەزووی خواردن بۆ شیرینی زیاد دەكات.
• بڕی زیادی خۆراكی پرۆتینی، چونكە دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش و زیاد هەستكردن بە تینووبوون.
• خۆراكی سوێر (شۆر)، بۆنموونە خەیارشۆر، ترشیات، زەیتوون، سۆسەج و گۆشتی پرۆسێسكراو، پەنیری شۆركراو.
• قاوە و چای، چونكە ماددە كافائین لەخۆدەگرن، كە هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی شلەی لەش و هەستكردن بە تینووبوون، هەروەها لە هەندێك كەسدا دەبنە ئەگەری سەرئێشە و بۆرژان لە ساتەكانی ڕۆژوودا.
