مێژووی تۆپی بەربانگ
مێژووی تەقاندنی تۆپی بەربانگ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان پادشای «خۆشقدەم لە میسر» كاتێ كە جەنابی پادشا دەیەوێت تۆپێكی نوێ تاقی بكاتەوە، بە ڕێكەوت لەكاتی بەربانگی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا دەبێت، هەربۆیە خەڵكی میسر دوای ڕۆژووكردنەوە دەچنە بەردەم ماڵی پادشا و دەستخۆشیی لێدەكەن، بە بۆچونی ئەوان پادشا ئەو تۆپەی تەقاندووە بۆ ئەوەی خەڵكی ئاگاداری بەربانگ بێت و ڕۆژووەكانیان بشكێنن. لەڕاستیدا پادشای ئەو كات ئەوە مەبەستی بووە تۆپەكە بۆ هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی تاقی بكاتەوە بۆ ئەوەی لە جەنگەكاندا دژی نەیارەكانی بەكاری بهێنێت، بەڵام دوای ئەوەی دەبینێت دانیشتوانی میسر بەو كارە دڵخۆشن، بڕیار دەدات هەموو ئێوارانێكی مانگی ڕەمەزان لەكاتی كردنەوەی بەربانگدا تۆپێك بتەقێنن و خەڵكی بۆ شكاندنی ڕۆژووەكانیان ئاگادار بكەنەوە. مێژوی ئەو چیرۆكە ڕاستەقینەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1467. ئەو جۆرە تۆپانە لە ڕابردوودا زیاتر لەلایەن وڵاتانی ئیتاڵیا و فەڕەنساوە بەرهەم هێنراون. لە ڕێگەی بارووت و پارچەیەك مسەوە بەكار دەهێنران، ئەم تۆپەی هەولێریش هەر لەو جۆرەیە. لە تۆپەكەدا تەنیا بارووت بەكار دەهێندرێت و تەنیا دەنگی هەیە، كە بۆ بەربانگە، شێوەی تۆپەكەش جیاوازە لەوەی كاتی خۆی كە «وەستا ڕەجەب» لە سەردەمی میرنشینی ڕواندزدا دروستی كردووە و بەكار هێنراوە. دوایین جار لە شاری هەولێر لە ساڵی 1960 پیاوێك بەناوی «مام فەتاح» لەگەڵ «مەیاد»ی خێزانی تۆپی بەربانگیان بەكار هێناوە، پاشان تۆپەكە گواستراوەتەوە بۆ شاری بەغدا.
