وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا نیوەی کارمەندەکانی لە کارەکانیان دووردەخاتەوە
سەرچاوە میدیاییەکان باسیان لە دەرکردنی بەربڵاوی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا کردووە و دەڵێن: وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا پرۆسەی دەرکردنی نیوەی فەرمانبەرانی دەستپێکردووە.
کەناڵی سی ئێن ئێن دوێنێ چوارشەممە 12ی ئادار بڵاویکردەوە، وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا پرۆسەی دەرکردنی بەکۆمەڵی فەرمانبەرانی دەستپێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە وەزارەتەکە 50%ی فەرمانبەرەکانی لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەزارەتی «کارایی حکومەت» کە تازە دامەزراوە، لەلایەن ئیلۆن ماسکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ترەمپ پێشتر پێشنیاری کردبوو وەزارەتی پەروەردە هەڵبوەشێتەوە و دەسەڵاتەکانی بگوازرێتەوە بۆ ویلایەتەکان.
هەفتەی رابردوو سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە کۆشکی سپی فەرمانی جێبەجێکردنی ئامادەکردووە کە داوا لە وەزیری پەروەردە لیندا مەکماهۆن دەکات دەست بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکە بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی یاداشتێکی جەیمس هیرفیڵد، سەرۆکی بەشی ئاسایشی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا، کە بۆ کارمەندانی ئەو وەزارەتە نێردراوە، بینای ناوەندی وەزارەت و فەرمانگەکانی لە شەوی سێشەممەوە تا چوارشەممە بە هۆکاری ئەمنی دیارینەکراو دادەخرێن.
بەشێک لە کارمەندانی وەزارەتەکە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، کە نیگەرانن لە دەرکردنە بەربڵاوەکان و فەرمانی جێبەجێکردنی ترەمپ.
وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار و ٤٠٠ کارمەندی هەیە.
چارەنووسی وەزارەتی پەروەردە و کاریگەریی هەڵوەشاندنەوەی لەسەر ملیارەها دۆلار قەرزی خوێندکارانی ئەمریکی تا ئێستا ڕوون نییە.
گوڵان: سەردار خەلیل
