خەباتی ڕۆژئاوا و مافی ژیانکردن

خەباتی ڕۆژئاوا و مافی ژیانکردن

دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ خەباتی چەکداری لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەهیدکردنی هەزاران ڕۆلەی کورد و ماڵوێرانی و دەربەدەری ملیونان کەس، ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع دا کرا کە بەرهەمەکەی تەنیا ئەوەیە ئیتر کوردەکان دەتوانن بژین لەمە زیاتر هیچی تری تێدا نییە بۆ کورد.

من نازانم ئەم ڕێککەوتنە چۆن کراوە بەڵام دەزانم کە ڕێککەوتنێکی هەڵەیە، بەبێ ڵێکدانەوەیەکی ورد و حیسابکردن بۆ ڕابردوو و داهاتوو ئەم ڕێککەوتنە هاتووتە ئاراوە، ڕێککەوتنێک دوای ١٥ ساڵ شەڕ بێ ئەوەی مافی نەتەوەبوون وەربگری شتێکی زۆڕ بێ مانا و بەتاڵە.

ئەگەر بێین لەسەر خاڵەکان بدوێین و شیکاری بۆ بکەین دەبینین ئەوەی فۆکسی لەسەرە تەنیا سوریایە و لە زاوییەیەکی زۆڕ تەسکدا جێگا بۆ کورد کراوەتەوە، با کەمێک بە ڕوونی هەندێک شتتان بۆ باس بکەم، جگە لەوەی کۆی ڕێککەوتنەکە لە سودی ئەحمەد شەرع و عەرەبەکانە، بەڵام شتێکی دی هەیە زۆڕ جار لە ڕێککەوتنە سیاسییەکاندا ئەگەر ورد نەبی هەندێک دەستەواژە هەیە کە دوای ماوەیەک کاریگەری زۆڕ نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت هەر بۆ نمونە:
خاڵی یەکەم دەڵێت (المشارکة) واتە بەشدار دەبن لە حکومەت نەک هاوبەشی ڕاستەقینەبن لە سوریای نوێ کەواتە وەکو کەمینە سەیری کورد کراوە نەک نەوتەوەیەکی گرنگی سوریا.
خاڵی دووەم دەڵێت (المجتمع الکردي) واتە کۆمەڵگەی کوردی، لێرەدا بە هیچ شێوەیەک دان بە نەتەوەی کورددا نەنراوە بەلکو کورد وەکو کۆمەڵە کەسێک لەناو سوریا باس کراوە .
لە خاڵی حەوتەم دەڵێت ڕەتکردنەوەی هەموو بانگەشەکانی جیابوونەوەی، کەواتە دەست و قاچی کورد دەبەستێتەوە تا لە داهاتوودا هەر شتێکیش ڕووبدات کوردەکان نەتوانن داوای مافی خۆیان بکەن و کوردەکان بێ بەش بکرێن لە کیانێک کە تێیدا خۆیان حاکمی خۆیان بن.

من پێم وایە هیچ لۆژیکێک ئەم ڕێککەوتنە قبول ناکات و ئەمە ڕێککەوتنێک نییە لەسەر بنەمای زامنکردنی مافی نەتەوەی کورد بەڵکو ڕادەستکردنەوەی هەموو شتێکە کە پێشتر بەدەست هاتبوون، بە بڕوای من ئەوەی ئێستا کراوە ڕێککەوتنی هێزێکی چەکدارە لەژێر ئەجێندای پەکەکە، کە پەکەکە هەمیشە زۆڕ بە ڕوونی ئەو ئەجێندایەی دەربڕیوە کە هیچ کات کار بۆ ئەوە ناکات کورد وەکو نەتەوە بناسرێن و خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆیان بن.

بەداخەوە ئەم ڕێککەوتنە نەک لە خزمەت دوزی ڕەوای گەلەکەمان نییە بەڵکۆ چەندین هەنگاو ئەو دوزە بەرەو دواوەدەبات و بەقوربانیکردنی ئەو هەموو قوربانیانەیە کە لە ڕابردوودا لەپێناو ئەو دوزە ڕەوایە خۆیان کردە قوربانی خاک و زێدی ڕەسەنی باب و باپیرانیان.

Top