ئەرشەد شوكری ئیسلام سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پارێزگای دهۆك:   قەوارەی هەندێك كتێب وەك «زانست و بیركاری» گەورە و قورسن، بەتایبەتی بۆ منداڵان كێشی جانتاكەی شانی نزیكەی 10 كیلۆگرام دەبێت

ئەرشەد شوكری ئیسلام  سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پارێزگای دهۆك:     قەوارەی هەندێك كتێب وەك «زانست و بیركاری» گەورە و قورسن، بەتایبەتی بۆ منداڵان كێشی جانتاكەی شانی نزیكەی 10 كیلۆگرام دەبێت

 

ئەرشەد شوكری ئیسلام، سەرپەڕشتیاری پەروەردەییە لە پارێزگای دهۆك و مامۆستایەكی كارامە و خاوەن ئەزموونە لە بواری كاری پەروەردەیی، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان»، زۆر ڕاشكاوانە هەڵوەستەی لەسەر ئەو ئالنگارییە ناوخۆیی و دەرەكییانە كرد، كە كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان هەبووە، بەمجۆرەش دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.

 

زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە وەك خەمخۆرێك بۆ سیستمی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان ئەم پۆلە پەروەردەكارەی پێكەوە كۆكردووەتەوە.

پرۆسەی پەروەردە یەكێكە لە بوارە گرنگەكانی ژیان لە هەر وڵاتێكدا، لە بەر ئەوە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك گرفت و ئالنگاری دەبێتەوە و ئەم گرفتانەش بە بەردەوامی بوونیان هەیە،‌ بۆیە دەبێت بە بەردەوامی بە دوای میكانیزمی گونجاو بگەڕێین بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوە.

ئالنگاری و گرفتەكان دابەش دەبن بۆ ئالنگاری ناوخۆیی و ئالنگاری دەرەكی، لێرەدا من پرۆسەی پەروەردەی پارێزگای دهۆك وەك نموونە باس دەكەم. سیستەمی خوێندن لە سنوری پارێزگای دهۆك بەشێكە لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆك نزیكەی 37.350 مامۆستا و فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەستمان هەیە، بەسەر نۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاكان دابەش بوون. وێڕای ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی، بەڵام بەردەوامییان بە پرۆسەی پەروەردە داوە و نەیانهێشت ئەم پرۆسە گرنگە ڕابوەستێت، كە ئەمەش جێگای شانازی و دەستخۆشییە بۆ هەموو پەروەردەكاران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆك.

لە سنووری پارێزگای دهۆك نزیكەی 405.000 قوتابی لە قۆناغی 1- 12 هەن و ساڵی پار هەڵسەنگاندنی دەرەكی بە شێوەیەكی واقیعی و ڕێكوپێك بۆ هەموو قوتابخانەكان ئەنجام دراوە. پرۆسەی پەروەردەی دهۆكیش وەك هەر پرۆسەیەكی پەروەردەی وڵاتان ڕووبەڕووی دوو ئالنگاری بووەتەوە كە بریتین لە :

1- ئالنگاری و فاكتەرەكانی ناوخۆیی.

2- ئالنگاری و فاكتەرەكانی دەرەكی.

لێرەدا لەسەر هەردووكیان هەڵوەستە دەكەم :

1- ئالنگارییە ناوخۆییەكان :

ئالنگاریی ناوخۆیی دابەش دەبێت بۆ:

- بەشێك لە ئالنگارییەكان بەردەوام بوونیان هەیە و پەیوەستە بە سرووشتی كاری پەروەردەوە.

- بەشێكی لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دەرەكی دەستنیشان كراون.

ئالنگاریی ژێرخانی پەروەردەییمان هەیە، وەك: كەمیی باڵەخانەی قوتابخانەكان.

بێگومان ئەوە لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی قوتابیان زیاد دەبێت، چەندین ساڵیشە بە هۆی قەیرانی دارایی و ئابوورییە كەمتر دەتوانرێت باڵەخانەی تازە بۆ قوتابخانەكان دروست بكرێن، هەر بۆ نموونە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆك نزیكە 1488- 1500 قوتابخانەی هەیە، بەڵام ژمارەی باڵەخانەی قوتابخانەكان 640-650 باڵەخانەمان هەیە، واتە لە نیوەش كەمترە و ئەمەش چەندین گرفتی دیكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەك ناچاربوون بۆ پەنابردن بۆ دوو دوامی و سێ دەوامی لە قوتابخانەكان، زۆربوونی ژمارەی قوتابیان لەناو پۆلەكاندا، دانانی كابینە وەك پۆل لەناو حەوشەی قوتابخانەكاندا، ئەمانە هەمووی كێشە و ئالنگارین لە بەردەم قوتابخانەكان و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بكەین.

- نوژەنكردنەوەی كاتی لە ناو باڵەخانەی قوتابخانەكاندا، كە ئەمە خۆی كێشە لە بەردەم قوتابخانەكان دروست دەكات، دەبێت نۆژەنكردەنەوكان بە دیراسەت و شێواز و كوالێتیی باش بكرێن و دڕێژخایەن بن.

• ئالنگاریی پەروەردەیی و كارگێری:

- كەمیی مامۆستای پسپۆڕ لە هەندێك بوار و بەتایبەتی لە پسپۆڕیی زانستیدا.

- كەمیی ڕاهێنان بە مامۆستاكان بۆ ئەوەی بە میتۆدی هاوچەرخ وانە بڵێنەوە.

- ناهەوسەنگی لە دابەشكردنی مامۆستایاندا.

• ئالنگاریی پڕۆگرامەكانی خوێندن:

ساڵانە وەزارەتی پەروەردە كار لەسەر گۆڕینی پڕۆگرامەكانی خوێندن دەكات و بودجەیەكی باشی بۆ تەرخان دەكات، بەڵام ئەوەی تێبینیمان كردووە، گۆڕانكارییەكە تەنیا گۆڕینی دیزاین و وێنەكان زیاتر دەگرێتەوە، كەمتر ناوەڕۆك نوێ دەكرێتەوە، بۆیە ئێمە پێشنیار دەكەین گۆڕانكارییەكان ئەم لایەنانە بگرێتەوە:

- نوێكردنەوە و گۆڕینی پڕۆگرام هاوشان بێت لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم بەتایبەتی كە ئێستا پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا زۆر خێرایە و گەیشتووەتە ئاستی ژیریی دەستكرد.

- قەوارەی هەندێك كتێب وەك «زانست و بیركاری» گەورە و قورسن، بەتایبەتی بۆ منداڵان كێشی جانتاكەی شانی نزیكەی 10 كیلۆگرام دەبێت.

- كەمكردنەوەی هەندێك لە بابەتەكان بۆ نموونە كۆمەڵایەتی و زانست و...هتد، ناوەڕۆكەكانیان زۆر دڕێژن ئەمە بۆ قوتابی بارگرانییە.

- لە كاتی گۆڕانكاری لەناو پڕۆگرامەكانی خوێندن، دەبێت ڕەچاوی بەهرە (حصە)ی هەر بابەتێك بكرێت، تاكو نەبێتە بارگرانی بۆ مامۆستایان و قۆتابیان.

- هەوڵ بدرێت گۆڕانكاری لەناو پڕۆگرامەكانی خوێندن لەگەڵ بازاڕی كار یەك بگرێتەوە و قوتابی دوای دەرچوونی بتوانێت كارێك بدۆزێتەوە.

• ئالنگاریی دارایی:

- نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی پەرەپێدان، بۆ ئەمە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكەین، پاڵپشتییەكی دارایی بۆ قوتابخانەكان دابین بكرێت، بۆ ئەوەی ئاستەكانیان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.

- دابینكردنی بودجەیەكی باشتر لەبەردەستی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، لەبەر ئەوەی بە هۆی كەمیی بوودجەی بەردەستیان ناتوانن كارەكان بە باشی جێبەجێ بكەن.

• ئالنگاریی ئەزموونەكان:

- بوونی ئەزموونی نووسینی زۆر بۆ قوتابی سوودی نییە و قوتابی داهێنەرمان بۆدرۆست ناكات، بۆیە باشترە بە شێوازی دیكە دیاری بكرێت، بۆ نموونە زیاتر گرنگی بە ئەزموونی پراكتیكی و هەڵسەنگاندن بدات، شێوازی هەڵسەنگاندنەكانیش دیاری بكرێت.

• هەندێك پێشنیار بۆ چارەسەركردنی ئالنگارییە ناوخۆییەكان:

1- زیادكردنی بودجەی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بە هەموو لایەنەكانیەوە.

2- دانان و جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژیی درێژخایەن.

3- پەرەپێدان بە سیستمی پەروەردەیی لە بوارەكانی نوێكردنەوە و گۆڕینی پڕۆگرام و گۆڕانكاری لە سیستمی ئەزموونەكاندا.

4- بە بەردەوامی ڕاهێنان بە مامۆستایان بكرێت لەسەر شێوازی تازەی وانەوتنەوە و ئەپدەیت كردنەوەیان بە زانیاریی تازە.

5- باشتركردنی ژێرخانی قوتابخانەكان بەتایبەتیش دروستكردنی باڵەخانەی نوێ بۆ قوتابخانەكان.

6- گرنگیدان بە ئەنجامەكانی هەڵسەنگاندنی دەرەكیی قوتابخانەكان لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی گشتیی پەروەردەكانی پاڕیزگاكان.

2-ئالنگارییە دەرەكییەكان:

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆك، كۆمەڵێك ئالنگاریی دەرەكی لەسەر سیستمی پەروەردە و فێركردن كاریگەری نەرێنی دروست كردووە كە بریتین لە:

• دانانی گەمارۆی ئابووری لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە لەسەر هەرێمی كوردستان و نەناردنی پشكی هەرێم لە بوددجە، كە ئەمە بووەتە هۆكاری ئەوەی قەیرانێكی گەورەی ئابووری دروست ببێت و نەتوانرێت پڕۆژەی پەروەردەیی جێبەجێ بكرێت، یان باڵەخانەی تازە بۆ قوتابخانەكان دروست بكرێت، هەروەها كاریگەری هەبووە لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی كوردستانیش.

• هاتنی ئاوارەیەكی زۆر لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دەوربەر بۆ پارێزگای دهۆك، ئەم ئاوارانە ژمارەیەكی زۆر قوتابییان هەیە كە دەبێت خزمەتگوزاری پەروەردەییان بۆ دابین بكرێت، ئەمە بێجگە لە ئاوارەبوونی خوشك و برا ئێزدییەكانمان بە هۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە كە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

• لەشكەركێشیی توركیا و كێشمەكێشی ئەوان لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە، ئەمە كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر ڕەوشی دەڤەرەكە كردووە و بە سەدان قوتابخانەی گوندەگانی ئەو دەڤەرە ناتوانرێت تێیدا بخوێندرێت و مامۆستا بچێت وانەی خۆی بڵێتەوە، بە هۆی پەكەكە خەڵكی دەیان گوند ناچار بوون چۆلی بكەن و بەمەش ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان داخراون و قوتابیان لە خوێندن بێبەش كراون.

• ئەو ناوچانەی نزیك شەڕ و كێشمەكێشی چەكدارانی پەكەكەن بە هۆی دەرهاویشتەكانی ئەو شەڕەوە هەراسان بوون و ناتوانن كاروباری ڕۆژانەی خۆیان وەك پێویست بەڕێوەبەرن، بەتایبەتی كە بەردەوام دەنگی فڕۆكە و تۆپ بەسەر سەریانەوەیە، لەمەش زیاتر زۆر جار گوندەكان تۆپباران دەكرێن و قوربانیی زۆری هاووڵاتیانی سڤیلی لێدەكەوێتەوە.

• ڕێگەی نێوان گوندەكان مەترسی هەیە و هاووڵاتیان ناتوانن بە ئازادی لە گوندێكەوە بچن بۆ گوندێكی دیكە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەسەر ڕێگەكان بۆمبی «تی ئێن تی» دادەنرێت و زۆر جار لەوانەیە ئەو بۆمبانە بە هاووڵاتیاندا بتەقێنەوە.

ئەم ئالنگارییە دەرەكییانە كە ڕووبەرووی سیستمی پەروەردە بوونەوە لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لە دەڤەری پارێزگای دهۆك بەتایبەتی، هەموویان ئالنگاریی زۆر گەورە و ترسناكن و لە سەرووی ئیرادەی هەرێمی كوردستانەوەیە، هەر بۆ نموونە ئەوە زیاتر لە 30 ساڵە ئەو دەڤەرە بووەتە شوێنی شەڕ و كێشمەكێشی نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكە، بەسەدان گوند لەو ناوچەیە هەموویان كاول بوون و نەتوانراوە ئاوەدان بكرێنەوە، یان خزمەتگوزاریی پێویست و قوتابخانەیان تێدا دروست بكرێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگاكانی عێراق لە پارێزگای دهۆكن و بارودۆخی ئەو پارێزگایانە بەو ئاستە ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە دوماهیدا، ئەگەر سەیری كۆی ئالنگارییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بكەین، دەبینین ئالنگارییەكان زۆرن، بەڵام هیممەتی جوامێرانەی مامۆستایانی كوردستان توانیویەتی تا ڕاددەیەكی زۆر بەسەر ئالنگاریەكاندا زاڵ بین و جێگەی دەستخۆشیە بۆ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وێڕای هەموو ئاستەنگەكان نەك هەر پرۆسەی پەروەرەدە و خوێندن بەردەوامە، بەڵكو چەندین وەرچەرخان و دەستكەوتی گەورەی بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لەبواری بە دیجیتاڵكردنی سیستمی ئەزموونەكان و دامەزراوەكانی وەزارەتی پەروەردە.

 

Top