سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس (رۆژی جیهانیی ئافرەتان) پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس (رۆژی جیهانیی ئافرەتان) پەیامێکی بڵاوکردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس (رۆژی جیهانیی ئافرەتان) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "درێخى ناكه‌ين بۆ بنياتنانى كۆمه‌ڵگەیه‌ک كه‌ تيايدا ژن هاوبه‌شێكی راسته‌قينه‌ بێت له‌ دروستكردنی داهاتوودا."
 
رۆژی شەممە، 8ـی مارسی 2025، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافه‌كانیان و دابینكردنی ژینگه‌یه‌ك كه‌ به‌شداريی یه‌كسانیان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژياندا مسۆگه‌ر بكات، به‌رپرسیاريه‌تییه‌كی گشتییه‌." 
 
دیاریکردنی رۆژی هەشتی مارس بە رۆژی جیهانیی ژنان دوای ئەوە دێت بۆ یەکەمجار یەکێتیی ژنانی دیموکرات لە پاریس لە ساڵی 1945 کۆنگرەیەکیان سازکرد. لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی دیاریکردنی هەشتی مارس وەکو رۆژی جیهانیی ژنان ناکۆکی لەسەرە و هەندێک کەس پێیان وایە مێژووەکەی بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە لە ئەمریکا ژنانی کارکەر مانیان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان گرتووە.
 
دوای چەند ساڵێک لە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رازی بوو بەوەی ساڵانە رۆژێک بەو بۆنەیەوە دیاری بکات، بۆیە لە ساڵی 1977 داوای لە وڵاتان کرد رۆژێک بۆ یادکردنەوەی "رۆژی جیهانیی ژنان" دەستنیشان بکەن. لە ئەنجامدا زۆربەی وڵاتانی جیهان رۆژی هەشتی مارسیان بەو رۆژە دیاری کرد، ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لەم رۆژەدا خۆپێشاندان و چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. 
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
 
به‌ بۆنه‌ی هه‌شتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئافره‌تانى كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م، هیوای پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی زیاتريان بۆ ده‌خوازم له‌ هه‌وڵ و خه‌باتياندا بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی. هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ به‌رده‌واميى ڕۆڵی كاریگه‌ریان له‌ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی ئازادتر، دادپه‌روه‌رتر و پێشكه‌وتووتردا، دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌. 
 
ژن له‌ كوردستان به‌ درێژاییی مێژوو، له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى كايه‌كانى ژياندا، ئاماده‌يى، ئازایه‌تی و خۆڕاگريی خۆی سه‌لماندووه‌. ئه‌و به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ كاروانى ئازاديى كوردستان، ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕۆڵی خۆی له‌ سیاسه‌ت، ئابووری، به‌ڕێوه‌بردن و په‌روه‌رده‌ و به‌ كارايى به‌شداريی له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا ده‌كات. ئێمه‌ شانازی به‌ پێگه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئافره‌تانى كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانی و پاراستنی له‌ توندوتیژی و جیاكاری، هه‌روه‌ها بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا، كاری هەمەلایەنە و زیاتر پێويسته‌.
 
كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافه‌كانیان و دابینكردنی ژینگه‌یه‌ك كه‌ به‌شداريی یه‌كسانیان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژياندا مسۆگه‌ر بكات، به‌رپرسیاريه‌تییه‌كی گشتییه‌. له‌سه‌ر هه‌موومانه‌ وه‌ك كه‌س، خێزان، په‌روه‌رده‌ و له‌ گشت دامه‌زراوه‌كان و له‌ كۆمه‌ڵگەدا، هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ كوردستان نموونه‌یه‌ك بێت له‌ یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ. هه‌روه‌ك هه‌میشه‌ جه‌ختمان كردووه‌ته‌وه‌، بنیاتنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی دیموكراسی و پێشكه‌وتوو بێ مسۆگه‌ركردنی ماف و ئازاديی ژن و به‌هێزكردنی ڕۆڵ و پێگه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌دی نايه‌ت.
 
له‌م ياده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ى قوربانيی گه‌وره‌یان داوه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانيی توندوتیژی و توندڕه‌وی، به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌‌. پابه‌نديى به‌‌رده‌واممان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی كولتووری پێكه‌وه‌ژیان، لێبورده‌یی و یه‌كسانی. هه‌رچيمان له‌ده‌ست بێت درێخى ناكه‌ين بۆ بنياتنانى كۆمه‌ڵگەیه‌ك كه‌ تيايدا ژن هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قينه‌ بێت له‌ دروستكردنی داهاتوودا.
 
سڵاو بۆ هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ى له‌پێناو مافه‌كانياندا خه‌بات ده‌كه‌ن.
سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی توندوتیژی.
هه‌ر شكۆدار بێت ڕۆژی جیهانیی ژنان.
 
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
٨ی ئاداری ٢٠٢٥
 

Top