پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(34)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان
ئەمڕۆ یادێکی پڕشکۆیە لە مێژووی سەرفرازی و سەرەوەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، (34) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ جەماوەری کۆڵنەدەری كوردستان وەک گڕکان بەڕووی جەور و ستەم و سەرکوتکاریی تەقیەوە و لاپەڕەیەکی دیکەی نوێی تێکۆشانی خۆی نووسیەوە.
دیرۆکی درێژخایەنی خەباتی گەلە خۆڕاگرەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان، هەمیشە مایەی شانازی بووە بۆ نەتەوە و بزووتنەوەی سیاسی و نەوە یەک لەدوای یەکەکان.
مێژووی نەتەوەیی و نێشتیمانیمان بە قوربانیدان و هەڵوێست و ئیڕادەی ڕۆڵە وەفادار و بەئەمەک و دڵسۆزەکان نەخشێنراوە، ئەو هێزە لە بن نەهاتووەی هەمیشە قەڵغان و سپەری بەردەم ستەم و زۆرداری و سەرکوتکردن بوون، لەو ڕوانگەیەشەوە سەلماندیان کە هێزی گەل هاوشان لەگەڵ هێزى پێشمەرگە، هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش و بەرخودان و ڕاپەڕینە و چۆک دانادا.
یەکێک لەو ئەڵقە هەرە چارەنووسسازانەی تێکۆشان و بەردەوامبوونی خەباتی نەپساوەمان، ژیلەمۆی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی (5ی ئاداری 1991) بوو کە بەهیمەت و بەشداریی جەماوەری دڵسۆز و خەڵكی تێكۆشەر و لەخۆبردوو و بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، هەڵگیرسا.
زنجیرەی بەرخودان و ڕاپەڕین، وەک پەیامێکی ڕەوا و هەقیانەی گەلەکەمان و پێویستییەکی قۆناغەکە هاتەئاراوە، هەوێن و هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بوو بۆ بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی لەساڵی(١٩٩٢)دا کە خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا بینیەوە و بووە بەرجەستەکاری ڕاستەقینەی خواست و ویستی جەماوەری ڕاپەڕیوی كوردستان.
ڕێگای بە دامەزراوەییکردن و بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ڕێگایەکی ئاسان نەبوو، بەڵکو تا بە ئەمڕۆش دەگات کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت و قەیران لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی هەرێم و دەرەوە بەرەوڕووی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێم دەبنەوە، هەر لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە تاکو هەوڵە نەزۆكەكانی بنکۆڵکردن و لاوازکردنی، بەڵام بە باوەڕی پتەو و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكانی و بە ڕەنج و قوربانی پێشمەرگە قارەمانەكان، شوورەیەکی پۆڵاینی كوردستان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و ئاوەدان و پارێزراو و سەقامگیر ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو فشار و پیلانەكان.
