نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران، كۆبووه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران، كۆبووه‌وه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ کۆبوونەوە، بیروڕایان لەبارەی چەند تەوەرێک گۆڕییەوە و هاوڕا بوون لەسەر پەیڕەوکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-2-2025) لە پەراوێزی كاره‌كانى سێيه‌مين كۆڕبه‌ندى هەولێر، لەگەڵ سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران، كۆبووه‌وه‌.
 
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پەیوەندیيەکانی هه‌رێمى كوردستان و ئێران و چۆنیێتیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشيان له‌ بواره‌ جياكاندا تاوتوێ کرا، هەروەها لە‌باره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچەکە، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان؛ بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات."
 
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی و سەعید خەتیبازدە له‌سه‌ر پێویستیی پەیڕەوکردنی دیالۆگ و لێکگەییشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌كان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هاوڕا بوون.
 
چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
 

دیمەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە. وێنە: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
 
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەیمانگەی توێژینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانە، ئەمڕۆ یەکێک بوو لە پانێڵیستەکانی "داهاتووی سووریا لەدوای ئەسەد؛ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکە" لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر دا. 
 
کۆڕبەندەکە بە ناونیشانی "نادڵنیاییە کەڵەکەبووەکان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا"، زەوینەی گفتوگۆ و پێشنیازی چارەسەر بۆ دۆخی سووریا، تورکیا، عێراق و ناوچەکە دەڕەخسێنێت، لەگەڵ دەرفەتەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوار وڵاتدا.
 
کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر ئەمڕۆ دەستیپێکرد و تاوەکو 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت. ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ناوەندە دیارەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، بەڕێوەیدەبات. 

Top