ڕازی بــوون بە ملکەچی بۆ تەیف سامی، خواردنی نانی سەرشۆڕییە
گەلی کورد بە درێژایی مێژووی پڕ سەروەری، هەمیشە گیانفیدا و پارێزەری وڵات و دەستکەوتەکانی ئەم وڵاتە بوون، ئەو گەلە شۆڕگێڕە هەرگیز سەری بەرزیان لە پێناو دەستکەوتنی نان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نزم نەکردووە، تەنانەت ئەمڕۆش لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سازش نەکردن لەسەر بستێک خاکی پیرۆزی کوردستات، میللەتی کورد سڵ لە برسێتی ناکاتەوە. هەرچەندە لە ڕاستیدا نان و ئازادی دووانەیەکی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دووانە نەبێت، لێڕەوار دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان.
چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی دوژمن و داگیرکەرە، ملكەچی و سەرشۆڕیی لەگەڵدایە، ماوەیەك هەناوت دەحەسێنێتەوە بەڵام تا سەر نییە، رەنگە ڕۆژێك و دە ڕۆژ تێرت بكات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیت كە ڕۆژێ دێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەكەت لێ وشك دەكات و وەك چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت كردیت، ئاوهاش نانەكەت لێ دەبڕێت، كورد لە مێژە گوتویەتی: گۆشتی لاڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
گەلۆ دەبێ ئەوە بزاندرێ كە دوژمن و داگیرکەر لە عێراق، تەنیا شوناسی دەگۆڕێت، دەنا ڕەفتارەكان هەر وەك یەكن و ڕەفتارەکانی سەردەمی بەعسن، لە شاوە دەبێتە سەركۆمار و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان كیمیابارانت دەكات و ئەمیان مووشەكباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان قوت و مووچە و بودجەت دەبڕێت.
بۆیە باشترین بژاردە لە بەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەی کە بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە خێرلەخۆنەدیوە بە دەستهاتووە، ئەویش لە ڕێی وازهێنانی ناپاكان لە ناپاكی و هەنگاونان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە کوردستانێکی ئازاد و یەکڕیز و سەقامگیر.

ئەسرین عاسی شوانی