فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە کەنەدا کەوتە خوارەوە و ١٥ کەس بریندار بوون
دوای وەرگەڕانی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئەمریکی لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لانیکەم ١٥ کەس بریندار بوون.
فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای دێڵتا ئایر لاینز لەکاتی نیشتنەوەی لە شاری تۆرۆنتۆ کە بەفربارینی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو، لەسەر ڕێڕەوی فڕین خلیسکا، وەرگەڕا.
بەرپرسان دەڵێن: لە کۆی ١٥ برینداری ڕووداوەکە سێ کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پیرسۆن لە تۆرۆنتۆ کە پێشبینی دەکرا ڕۆژی دووشەممە نزیکەی هەزار گەشتی ئاسمانی تێدا ئەنجام بدرێت، بە توندی پەککەوتن و بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە هەزاران سەرنشین لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەکە گیریان خواردووە.
بەرپرسانی فڕۆکەخانە دەڵێن، گەشتەکە لە شاری مینیاپۆلیسی ویلایەتی مینیسوتا لە ئەمریکا سەرچاوەی گرتووە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی ئاسمانی لە ئەمریکا و کەنەدا ڕوویانداوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە هەواڵی وەرگەڕانی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی دێڵتا بە خێرایی بووە مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەمریکای باکوور.
فڕۆکەخانەی پیرسۆن لە تۆرۆنتۆ کە گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەم شارەی کەنەدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تا ٢٢ سانتیمەتر بەفر باریوە.
هەر بۆیە بەرپرسان پێشبینیان کردبوو کە لەگەڵ وەستانی بەفر و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی کۆتایی هەفتە بۆ باری هاتوچۆی فڕۆکەخانەکە لە ڕۆژی سێشەممەدا، پیرسۆن میوانداری نزیکەی هەزار گەشت دەکات بۆ گواستنەوەی نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس.
فڕۆکەخانەکە ڕایگەیاند: کە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و ڕێڕەوی فڕینەکەی چالاک کراوەتەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٩٠ خولەک داخراوە دوای وەرگەڕانی فڕۆكەكەی دێڵتا.
هاوکات ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا بڵاویکردەوە، فڕۆکەی دێڵتا فلایت بە تیژڕەویی 4819 لەکاتی نیشتنەوەی کەوتۆتە خوارەوە و دوای لەدەستدانی کۆنترۆڵ لەسەر ڕێڕەوی فڕین وەرگەڕا.
فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە کە لە شاری مینیاپۆلیسی ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە، ٨٠ سەرنشینی تێدابووە، لەنێویاندا منداڵێک و دوو سەرنشینی پێگەیشتوو، کە ڕزگارکەران دەڵێن باری تەندروستییان ناجێگیرە.
ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن فڕۆکەکە لەسەر ڕێڕەوی فڕین لایداوە و وەرگەڕاو بەبەفرداپۆشراوە.
تا ئێستا هۆکاری ئەم ڕووداوە نادیارە؛ بەڵام بەرپرسانی گواستنەوەی کەنەدا دەڵێن، لە نزیکەوە لە وردەکارییەکانی ئەم "ڕووداوە جددییە" دەکۆڵنەوە.
بەپێی زانیارییەکان لانیکەم 26 گەشتی ئاسمانی بەهۆی ڕووداوەکەوە لابراون، زۆربەیان بەرەو فڕۆکەخانەکانی نزیک لە مۆنتریال و ئۆتاوا ڕۆیشتوون.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تۆرۆنتۆپیرسۆن ڕایگەیاند، دوای وەستانی 90 خولەک گەشتە ئاسمانییەکان دەستیپێکردووەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
