دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئاشتیپارێز لە لوبنان

دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئاشتیپارێز لە لوبنان

 

پۆلیسی لوبنان ڕۆژی شەممە 15ی شوبات زیاتر لە 25 کەسی دەستگیرکرد، لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشکردنە سەر کاروانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەهۆیەوە دوو ئاشتیپارێز برینداربوون.

بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە شەوی هەینی ڕوویداوە؛ کاتێک لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ دووەم شەو لەسەریەک ڕێگای بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لوبنانیان داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی دوو گەشتی هێڵی ئاسمانی ماهان.

شایانی باسە هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژیان تەقاندووە.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەم کارەی لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان بە کردەوەیەک لە دژی لوبنان زانی و جەختی لە لێپێچینەوەی خێرای سەرجەم تاوانباران کرد.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و هێرشەکەی ئیدانە کردووە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی بردووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top