لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک 10 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک 10 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

 

کاربەدەستانی بەڕازیل ڕایانگەیاند: کە فڕۆکەیەکی بچووک لە شارۆچکەی گەشتیاری گرامادۆ لە باشووری ویلایەتی ڕیۆگراندە دوسول کەوتە خوارەوە و لانیکەم ١٠ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.

لویس کلۆدیۆ گالیازی؛ ئەو بازرگانە تەمەن ٦١ ساڵەی بەڕازیلی کە فڕۆکەوانی ئەم فڕۆکەیە بووە لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ کچەکەی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، فڕۆکە بچووکەکە خۆی کێشاوە بە دوکەڵکێشی باڵەخانەیەک، هەروەها خانوویەک و دوکانێک.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن، لەم ڕووداوەدا ١٧ کەس لە دانیشتووانی ئەو ماڵانەی کە بەرفڕۆکەکە كەوتوون برینداربوون و باری دوو کەسیشیان ناجێگیرە.

ئێدوار دۆلیتە؛ پارێزگاری ویلایەتی ڕیۆ گراندی باشووری وڵاتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەر ١٠ قوربانیی ڕووداوەکە ئەندامی بنەماڵەی بەڕێز گالیازی بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم فڕۆکەیە لە بارودۆخی نالەباری کەشوهەوادا بەرزبووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم فڕۆکەیە بەرەبەیانی دوێنێ تەنها 3 کیلۆمەتر فڕیوە و دوای چەند خولەکێک لە هەڵسانی لە شاری گرامادۆ کەوتۆتە خوارەوە.

وێنەکانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەریدەخەن کە تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو وێرانانە دەکەن کە بەهۆی ئەم ڕووداوەوە دروست بووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top