کوتلەی شیعی و سوننی دژی پڕۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانی کورد زۆرینەی پەرلەمانی بەکاردێنن؟!؟!
ڕێکەوتی ١٧/ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ پەرلەمانی ئێراق بەزۆرینەی دەنگی کوتلەی پەرلەمانی گەلەکۆمەی شیعەو سوننە دژی پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵک و ماڵی کورد بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە کەرکوک و مەخموورو شوێنەکانیتر دەنگیاندا..؟! کە هەزاران دۆنم زەوی کشت و کاڵی و موڵک و ماڵی کوردان لە سەردەمی حوکمی بەعسدا بەقەراری قیادەی سەورەی عێڕاقی لە لایەن عەرەبگەلێکی سەحرانشینەوە داگیرکراون..؟ بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیش ناتوانێ تۆزقاڵێک لە ڕەوایەتی گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەنی ڕەسەنەکەی کەم بکاتەوە.. هەردوو پێکهاتەی شیعی و سوننی بەم هەنگاوە خێچ و خوارەیان ڕەنگە تەنیا بتوانن بەشێوەیەکی کاتەکی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ڕابگرن.. ئەو دوو مەزهەبە ئاینییە توند ئاژۆیە بەدرێژایی تەمەنی هەزارەیەک زۆرتر ڕەگاژۆی قووڵی مێژووی خوێناوی نێوانیان جیاوازیگەلێکی ڕۆچووە بەقووڵایی سەدەکانی ڕابردوودا.. هەر لە دوو پارچە کردنی ئاینی ئیسلام و دابەشکردنی بۆ دوو مەزهەبی دژبەری یەک و هەڵتەکاندنی بنەمای مەعریفی یەکگوتاری ئاینی و هەڵگێڕانەوەی حەقیقەتی کوشتنی ئیمامی حوسێن و شینگێڕانی درۆیینە بۆی..؟!
شیعی و سوننی لە سەر یەکگوتاری ئاینی، مەزهەبی، سیاسی، تەنانەت پەیوەندی تەندروستی کۆمەڵایەتیش ناتوانن ڕێکبکەون، لە ئەلفەوە بۆ یاء؛ تاسەر ئێسقان دژو ناکۆکن....
ئەوەی تەنها ئەوان پێکەوە کۆدەکاتەوە ڕوانگەی سواوی بیری شۆڤینیزمی عێڕاقی عڕوبەیە دژی هەموو مافێکی دەستووری و یاسایی کورد هاوبیرن لە ئێراقی نوێشدا..؟!؟!
بەکارهێنانی کارتی زۆرینەی پەرلەمانی وەک گوشارێک پێچەوانەی بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵی و پێکەوە ژیان و شەراکەتی حوکمڕانی و دەستووری نوێی ئێراقە؟!؟!
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣-وە کە گۆڕانکاری ڕشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی ئێراق ڕوویدا..؛ لە ناکاو بەشێکی هەرە زۆری عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردستان بەخاوو خێزانەوە هەڵاتن و ناوچەکەیان بەجێهێشت.. دواتر قەرەبووی مادی لێژنەی مادەی ١٤٠- ی دەستووری ئێراقیان وەرگرتوو چوونەوە شوێنە عەرەبنشینەکانی پێشووی خۆیان.. تاوەکو دوای ڕوداوەکانی ١٦-ی ئۆکتۆبەری شووم ئینجا دووبارە گەڕانەوە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانیتر..؟
پێکهاتەی شیعە مەزهەبی دەسەڵاتدار گەر لە سوننی مەزهەبی عێڕاق بۆ کورد خراپتر نەبن باشتریش نین، لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەرچەندە بەزمانی چەک بۆیان نەلواوە درێژە بە داگیرکردنی موڵکدارێتی کورد بدەن، هەوڵدەدەن بەزمانی یاسا هەرچەندە ئەو یاسایە بەتاڵ و نادەستوورییشە بەهاوبەشی لە گەڵ سوننەکاندا ڕێگری کاتی لە گەڕانەوەی موڵک و ماڵی دزراوی کورد دەکەن..
دوای خیانەتی ١٦/ ئۆکتۆبەر چەندین جار حەشدی شەعبی بەهێزی زۆری سەربازییەوە ڕووی کردووەتە سنووری خانەقین و گەرمیان و شوێنەکانیتر.. هەر جارەی جوڵەی نائاسایی دژبەری کورد لە ناوچە دابڕاوەکان لە لایەن گروپە میلیشاکانەوە کرابێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان یان دەمکوتی کردوون، یانیش بەدەورەدان و گوشاری هێزی نەرم ڕێگری لێکردوون..و پیلانە هاوبەشەکەیانی لە گەڵ کرێگرتەکانی هەرێم لێ پووچەڵ کردوونەتەوە...
هەر کاتێکیش عەرەبی هاوردە لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و عەشایەری نیازی دووبارە دەسترێژی کردنەوەیان هەبووبێت بۆ سەر موڵک ماڵی کورد، کوردنشینانی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و هێزی بەرگری میللی بەدارو بەرد ڕووبەڕوویان بوونەتەوە..
لە هەر حاڵەتێکی نائاسایی کاردانەوەی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان ئینتیمای حزبی و حزبایەتی و ڕوانگە جیاوازەکان دەخەنە خانەی فەرامۆشییەوە... بەتایبەتیش لە شارێکی زیندووی وەک کەرکووکی کوردستان.
سروشتی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد لە تەواوی ناوچە دابڕێندراوەکان یەکهەڵوێستی کوردایەتیی و گێڕانەوەی ناوچەکانیان بۆ سەر کوردستان لە بیرو هزری ئەوان لە هەموو شتێک بەهادارترە..؛
کوردنشینانی ڕەسەنی کۆی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی بێسەروبەری شیعەمەزهەبی ناسەربەخۆی عێڕاقی " نوێ " بەراورد بە سەردەمی ڕیژێمی تاوانکاری بەعس بڕێ کەمتر ئازاریان چێشتووە..!
ئەگەر چاوی پێشمەرگەیان لێ دیار نەبوایە دەمێک ساڵ بوو هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردنەوەی زەوی کوردان و دزینی بەرهەمی ڕەنجی ساڵ دوای ساڵی جووتیاران و ڕاگواستنی چەند گەڕەکێکی کوردنشینی کەرکووک سەری دەگرت.
کۆی ئەم هەڕەشانە لە لایەن عەرەبی هاوردەی سەحرانشینەوە بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی میلیشای حەشدی شەعبی و تەدەخولی سوپای ئێراق بووە، لە کەرکووک و مەخموورو شوێنەکانیتر...
Mustafa Stune, [9/24/2024 4:38 AM]
ئەم شەڕ فرۆشتنە بەجووتیارانی کورد ساڵانە کاتی دروێنەو پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان سەرهەڵدەداتەوە..؟!؟!
ئامانجیش لێی زیندووکردنەوەی سیاسەتی ڕاگواستن و پاکتاوی ڕەگەزیی و جینۆسایدی گەلی کورد لەم ناوچانە ستراتیژییانەی کوردستان لە سەردەمی بەعسدا پێش 2003 بکەری تاوانگەلێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە ڕووی مەزهەبییەوە لە سەر پێکهاتەی عەرەبی سووننی هەژمار دەکرێت..؛
لە پاش ساڵی ٢٠٠٣-وە پێکهاتەی شیعە مەزهەب هەوڵیداوە دەسەڵات وەک حاکمی موتڵەق بەکاربێنێ! مەبەستیانە ڕاستەوخۆ گوشاری سەربازی لە ڕێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەناڕاستەوخۆش ئەرتەشی فەرمی ئێراقەوە درێژە بەهەمان قەراری قیادەی سەورەی بەعس بدەنەوە بۆ کە سیاسەتی سڕینەوەی وجودی کوردە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان..!؟ بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لە چەندین شوێن خۆیان تاقیکردووەتەوە لەم ماوەی ڕابردووی نزیکیش بەدەسیسەی هاوپەیمانی بەکرێ گیراویان کە یەکێتی دەسەڵاتداری دەڤەرەکەیە ڕوویان کردە ناوچەی کوڵە جۆو هەمدیس هێزی پێشمەرگەی کورستان پاشەکشێی پێکردن...
دەبوایە ئاقڵمەندانی سیاسی شیعە مەزەهەبی ئێراق پەند لەم گووتە بەهادارو قووڵڕوانینەی جەنابی سەرۆک بارزانیی وەربگرن..؛ کاتێ لە دیداری مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین دوای پەسندکردنی دەستووری نوێی ئێراق و خۆدزینەوەی یەکەم حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی مادەی سەت وچل ١٤٠ کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد. فەرمووی:- [ مادەی سەت و چل ١٤٠ مادەیەکی دەستوورییە، هەزار ١٠٠٠ ساڵیتریش بێت هەر دەبێت جێبەجێبکرێت]
لە ئێراقی نوێدا لە سایەی حوکمڕانی زۆرینەی "شیعەمەزهەب" گەر بەتەواوی بۆیان بلوێت مەبەستیانە هەمان سیاسەتی بەعس بەزمانی چەک لە بەرگی حەشدی شەعبیدا دژی ناوچە کوردنشینەکان وەک کەرکووک و مەخموورو شوێنەکانیتر پەیڕەو بکەنەوە..!! کە لە بەر وجودی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەزمانی هێز نەیانتوانیوە هیچ بەهیچ بکەن..
ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدای پێش دوو هەزارو سێ 2003 لە سەر دەستی سوننی مەزهەب پایتەختی بڕیاردانی کیمیاباران و ئەنفالکردنی کوردگەلێکی سڤیل و بێ گوناھبوو..؟
بەغدای پاش 2003 دوو هەزارو سێش لە ژێر دەسەڵاتداری شیعەمەزهەب بووەتە پایتەختی بودجە بڕین و یاریکردنێکی ترسناک بەقووتی فەرمانبەرانی مووچەخۆری هەرێم و
بۆ ماوەی ١٠ دە ساڵ زیاتر پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردنی گەلی کوردستان..؟ سەرەنجامیش هۆکاری خۆنەچەماندنی زۆرینەی ڕەهای میللەتەکەمان و کاریگەری کارێزمایی ڕێزدار مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی کورستان کابینەی نۆ [ ٩ ] ڕێکەوتنێکی گشتگیر سەبارەت بە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرامانبەران لە گەڵ حکومەتی عێڕاق بەسەرۆکایەتی شیاع سودانی بەئەنجامێکی ئەرێنی گەیشتووە..؛ مووچەخۆرانی هەرێم سەربەرزانە مافی تەواوەتی خۆیان وەرگرتەوە.. بەبێ ئەوەی حکومەتی کوردستان هیچ سازشێک لە مافی خەڵکی کوردستان بکات، لە داهاتووش وەزارەتی دارایی عێڕاق کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمیش دەگەڕێنێتەوە..
لە کۆتایی ئەو هەموو پیلانگێڕی و گەمارۆدانە زاڵمانەیە هیچ کاریگەری نەکردە سەر خەڵکی شەڕەفمەندی کوردستان، کە بەهەردوو دەوڵەتی ئێران و ئێراق و بەژداری ڕاستەوخۆی کۆمەڵێک حزبی کوردی و ئیسلامی کە ڕەوتگەلێکی خۆفرۆشی ناوخۆی هەرێمن... نەیانتوانی تۆزقاڵێک بەرهەمی ئەو پیلانگێڕییە درێژدادڕە دژی کیانی سیاسی کوردستان دروێنە بکەن..!!

کامەران سەعید