قەڵەوی بە نەخۆشی هەژمار دەكرێت!
قەڵەوی Obesity نەخۆشییەكی ئاڵۆزە، تووشی گەورە و منداڵ دەبێت. كۆمەڵەی پزیشكیی ئەمەریكی AMA ساڵی 2013 قەڵەوی بە نەخۆشی دیاریی كرد. قەڵەوی بە نەخۆشییەكی درێژخایەنی مەترسیدار هەژمار دەكرێت، هەروەها بە گرفتێكی باوی تەندروستیی گشتی دادەنرێت، بە چەندین ڕێگە ئەگەری تووشبوون بە 200 حاڵەت و نەخۆشی زیاد دەكات، وەكو: نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، جەڵتەی مێشك، بەرزبوونەوەی چەورییەكانی خوێن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەوكردنی جومگەكان، لەگەڵ 13 جۆری شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن و شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. گرفتە باوەكانی دیكەی پەیوەست بە قەڵەوی: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، دابەزینی ئاستی كۆلێستیرۆڵی باش HDL و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلێستیرۆڵی خراپ LDL و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TGs لە خوێندا، ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، گرفتەكانی ئێسك و جومگە، بەتایبەتی داڕووشانی جومگە (سەوەفان O.A)، دروستبوونی بەردی زراو، گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە گرفتەكانی جگەر، بەتایبەتی زیادبووی ڕێژەی چەوری لە جگەردا، هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا Sleep apnea، پرخە، هەستكردن بە بۆرژان و بێهێزیی فیزیكی لەكاتی ڕۆژدا، زوو ماندووبوون و هەناسەتەنگی پاش جووڵە و مەشقی وەرزشی، زیاد ئارەقەكردن، كاردانەوە دەروونییە نەرێنییەكانی پەیوەست بە شێوەی لەش و گرفت لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا، هەروەها ناجێگیربوونی مەزاج.
