لە شاری سلێمانی رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی ڕۆمانی (تاوانی پیرۆز) بەڕێوەچوو
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە كافتریای سینەما سالم لە شاری سلێمانی,رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەو واژووكردنی ڕۆمانی (تاوانی پیرۆز)ی نووسەر و وەرگێڕ (كوردۆ شابان) بەڕێوەچوو .
ئەم ڕێورەسمە كە لەلایەن ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگ بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین ڕێكخرابوو,ژمارەیەك لە نووسەر و كەسایەتی ئەو شارە ئامادەی ڕێورەسمەكە بوون و نووسەر و وەرگێر (ڕەنجدەر جەبار) ڕانانی بۆ کتێبەکە کرد .
ئەم ڕۆمانە فرە بابەتە,ڕۆمانێكی ڕیالیزمییە و باسی دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسیی دوایین چارەكە سەدەی باشووری كوردستان دەكات كە لە ڕوانگەی چەند كارەكتەرێكەوە كە هەریەكەیان بەشێوەیەك ئەم ساڵانەی بەسەرەوەیە,سێ كەس كە هەریەكەیان بە شێوەیەك لە ژیان دەڕوانن,یەكیان لە ڕوانگەی بەها بەرزەكانەوە و ئەوی دیكە لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە واقع و ڕاستییەكانی ژیان و سێهەمیش لە ڕوانگەی سێكسەوە سەیری ژیان دەكات,بە گشتی ڕۆمانەكە باسی سەردەمی ساڵانی 2014 بۆ 2022 دەكات و لە هەندێ ڕووەوە باس لە ڕۆژگارەكانی پێشتریش دەكات .
ڕۆمانی (تاوانی پیرۆز) كە لە 592 ڵاپەڕە پێكدێت, نۆهەمین كتێبی چاپكراوی كوردۆ شابانەو یەكەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە,ماوەی نووسینی ئەم ڕۆمانە شەش ساڵی خایاندووە,دیزاینەر(لوقمان ڕەشیدی) كاری لەسەر دیزاینی كتێبەكە كردووە,هەروەها هونەرمەندی شێوەكار (ڕۆستەم ئاغالە) تابلۆی سەر بەرگی ڕۆمانەكەی كێشاوە .
شایەنی باسە..بڕیار وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا زنجیرەیەك كۆڕ بۆ ڕۆمانی (تاوانی پیرۆز) بەڕێوەبچێت و لە شارەكانی دیكەی كوردستان رێوڕەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوە بۆ ڕۆمانەكە ئەنجام بدرێت,لە دوای شاری سلێمانی,لە شاری هەولێر لە كتێبخانەی مەم و زین ڕێكەوتی 11/1/2024 دیاریكراوە,وە لە سۆران لە كتێبخانەی مێخەك لە ڕێكەوتی 13/1/2024,هەروەها دواتر لە....
كەركووك 16/1/2024 كتێبخانەی دیالۆگ
دهۆك 18/1/2024 كتێبخانەی قوبەهان
كەلار 19/1/2024 سەنتەری چالاكیی گەنجان
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
