لە ڕێورەسمێکدا پێنج كێڵگەی مین لە چیای قەلەندەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مینی هەولێر، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی 11ی 2023 لە ڕێوڕەسمێكدا لە سنووری ناحیەی مەزنێی قەزای مێرگەسۆر، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك لە بەرپرسان و كارمەندانی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین و بەڕێوەبەری ناحیەی مەزنێ و بەرپرسانی دیكەی حكوومی و حزبی و سەربازی، دوای پاکكردنەوەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین/هەوڵێر، پێنج كێڵگەی مین لە چیای قەلەندەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دوای پاكسازی لەلایەن تیمەكانمانەوە زەوی و شوێنەكان ڕادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە".
بەپێی ئامارەكان لە سەرەتای ساڵی 2023 لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە 317 هەزار و 461 مەتر دووجا ڕووبەری زەوی لە مین و تەقەمەنی پاك كراونەوە، كە تێیدا زیاتر لە 723 مین لە جۆری جیاواز دۆزراونەتەوە، لەگەڵ 54 تەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگی و سەرجەمیان لەنێو براون و پرۆسەكەش بەردەوامە".
