گرووپێكی كوردستان یەكەمی سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست دەهێنن
لە كوردستان گەنجانی داهێنەر زۆرن، هەریەكەیان بیرۆكە و پڕۆژەی جۆراوجۆریان هەن، گەر پشتگیری و كەرەستەی لۆجیستی و ئامادەكارییان بۆ بكرێت، داهێنانی جۆراوجۆر لە بوارە جیا جیاكاندا دەكەن، وەك ئەو گرووپەی بە ناوی (ئێڵ)، كە توانیویانە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بهێنن لە پێشكەشكردنی پڕۆژەیەك بە ناوی ئەكوابۆت، كە ئامێرێكە دەچێتە قوڵایی ڕووبار و دەریا و دەریاچە و زێرابەكان و لە پاشماوە و شتی دژە ژینگە پاكیان دەكاتە، مزگین مەهدی یەكێكە لە ئەندامانی گرووپەكە بەم شێوەیە وەڵامی پرسیاریەكانی گوڵانی دایەوە:
* بیرۆكەی دانانی گرووپێكی زانستی و تەكنەلۆژی چۆن دروست بوو؟
- ئەم گرووپە لە ڕێگەی كۆمپانیای هواوییەوە دروست بوو بە كردنەوەی پرۆگرامی (seeds for the future 2022) كە بە شێوەیەكی ئۆنلاین بوو بۆ ماوە هەشت ڕۆژ و هەر وڵاتێك چوار گرووپی هەبوو و هەر گرووپێك لە دە كەس پێك هاتبوون.
* وەك ئەندامانی گرووپەكە چیتان تەواو كردووە و پسپۆڕیتان لە چیدا هەیە؟
-بەشی زانستی كۆمپیوتەرم تەواو كردووە لە زانكۆی سۆران و هەموو ئەندامانی گرووپەكە پسپۆڕیەكانمان سەر بە فیڵدی ئایتی و كۆمپیوتەرە، وەك :
ڕێبەر عوسمان قوتابیە لە بەشی-Communication engineering- Sulaimany polytechnic university
حەوڕا شاهین دەرچووی بەشی-(database technology- Sulaimany polytechnic university
یەحیا عدنان قوتابیە لە بەشی-Computer engineering- Tishk international university
پەیمان فەتاح دەرچووی بەشی -Electrical engineering- Salahaddin university
حەسەن عەبدولئەمیر- Computer Science and Information Technology- Kerbala university
محەمەد عەبدولموئمین- Communication engineering - Ninavah university
* چەند بیرۆكە و پرۆژەتان لە بەردەستە بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و جیهان و ژینگە؟
- پڕۆژەی دیكەمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی كێشەكانی وڵات چارەسەربكرێن بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا، بۆ نموونە پاككردنەوەی ڕێڕەوەكانی ئاو لەژێر زەوی یاخود پاراستنی كارەبا بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا.
* ئاستی ئایتی و تەكنەلۆژیا و زانست لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- تاڕادەیەك بەرەو پێش چووە لەم ساڵانەی دواییدا، دەتوانین بەشێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكارییە تەكنەلۆجیەكان ببینین بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە گەنجەكانمان زیاتر لایەنی بەكارهێنانی سۆشیال میدیایان هەڵبژاردووە وەك لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا بۆ چارەسەری كێشەكانمان.
* چیتان پێویستە بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەكانتان؟
-ئەوەی هەموو گەنجێكی خاوەن بیرۆكە پێویستیەتی تەنیا پاڵپشتی لایەنی پەیوەندیدارە بۆ ئەوەی بیرۆكەكەی وەگەڕ بخات و لەگەڵیشی گەنجانی دیكە كاربكەن و سوود لە زانس و زانیار و تواناكانیانەوە بگرن.
* چۆن بوو پلەی یەكەمی گرووپەكەتان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست هێنا؟
- بیرۆكەكە هۆكار بوو بۆ ئەوەی كە پلەی یەكەم بەدەست بهێنین، ئەو بڕیاردەرانەی كە باشترین بیرۆكەیان هەڵبژارد، بیرۆكەی ئێمەیان نارد بۆ كۆتا هەنگاوی پێشبڕكێكە، چونكە بیرۆكەیەكی جیهانی بوو و بۆ پاراستنی ژینگە و جیهان بوو،بەم شێوەیە براوە بووین.
* تاوەكو ئێستا هیچ كەس و لایەنێك پشتگیریی بۆ پرۆژە و بیرۆكەكانتان دەربڕیوە؟
- وەكو پشتگیری مادی هیچ لایەنێك نەیوویستووە بەرهەمەكە دروستبكرێت و بخرێتە بازاڕی بازرگانییەوە، بەڵام هیوادارین حكومەت یەكەم لایەن و كۆتا لایەن بێت بۆ ئەوەی پشتگیری ئەكوابۆت بكات.
