زستان هاندەرە بۆ وشكبوونی پێست
كەشی سارد، بارانی زیاد، بەفر، لەگەڵ بای بەهێز هاندەرن بۆ كەمكردنەوەی شێداریی پێست و وشكبوون، یان سەختتربوونی ئاستی وشكبوون لە پێستێكی وشكدا، كە هەتا چارەسەركردن دوابخرێت هێندە پێست زیاتر وشك دەبێت. هۆكارە هاندەرەكانی دیكە: گەرمیی ناوماڵ لە ئەنجامی بەكارهێنانی ئامێری گەرمكەرەوەی جیاوازدا لەبەر كەمبوونەوەی رێژەی شێداریی هەوای ناوماڵ، وەرگرتنی دووشی گەرم كە هۆكارە بۆ لابردنی چەوریی سرووشتیی پێست و وشكبوونی، كەمبوونی رێژەی ڤیتامین D لە لەشدا لەبەر كەمیی تیشكی خۆر، زیاد داماڵین و زیاد شووشتنی پێست بەتایبەتی پێستی دەموچاو، لەگەڵ بەكارهێنانی ئاوێتەی كیمیایی جیاواز بۆ پاراستنی پێست. بۆ خۆپاراستن لە وشكبوونی پێست لە وەزری زستاندا پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: ئاوی شلەتێن سابوونی سووك بۆ شووشتنی دەموچاو بەكار بهێنە، بۆ دووشكردن ئاوی زۆر گەرم بەكار مەهێنە، خۆراكت هاوسەنگ و جۆراوجۆر بكە، پاش هەر جارێك وەرگرتنی دووش ئاوێتەیەكی شێداركەرەوەی پێست بەكار بهێنە كە بۆن و بۆیەی كیمیایی تێدا نەبێت، ئامێری شێداركەرەوە Humidifier بۆ ناوماڵ بەكاربهێنە، دەموچاوت داپۆشە لەكاتی بەركەوتن بە بای سارد، ڤیتامین D بە رێنمایی دكتۆر بەكار بهێنە، سەردانی دكتۆر بكە ئەگەر بەم هەنگاوانە پێستت باشتر نەبوو.
