یاسای كوشتنی بە بەزەیی (قتل رحیم)
كوشتنی بە بەزەیی واتا كەسێك كەسێكی نەخۆش بكوژێت لەسەر داواكردنی نەخۆشەكە خۆی، كە ئومێدی چاكبوونی لە نەخۆشییەكە نەماوە وەك هەندێك جۆری (شێرپەنجە)، ئەوەش بە دوو ڕێگە دەكرێت: یان بەشێوەیەكی سلبییە، وەك ئەوەی ئەو ئامێرە پزیشكییەی كە پێی دەژی ڕابوەستێنرێت. یان بەشێوەیەكی ئیجابییە وەك ئەوەی پزیشك هەڵدەستێت ئازار شكێنی زۆر بەهێز دەدات بە نەخۆشەكە، تا لەئەنجامدا هەناسەدانی هێواش دەبێتەوە و دەبێتە هۆی تێكشكاندنی ماسوولكەكانی دڵی و دواجار دڵی دەوەستێت، لە جیهاندا ١٤ دەوڵەت هەن كە یاسای كوشتنی بە بەزەیی جێبەجێ دەكەن، وەك (بەلجیكا و هۆڵەندا و دانیمارك و هیند و. شەش ویلایەت لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، كە ڕێگەیان بەم جۆرە كوشتنە داوە )، یاسادانەری عێڕاقی بێدەنگیی لەو بابەتە هەڵبژاردووە، بەڵام بەپێی ماددە ٤٠٥ (ئەگەر هاتوو كەسێك كەسێكی دیكەی بە ئەنقەست كوشت، سزا دەدرێت بە بەندی هەتاهەتایی یان بەبەندكردنی كاتی) لێرەدا سەرەڕای ئەوەی باسی ئەو حاڵەتەی نەكردووە، بەڵام بەتێگەیشتن لەم مادەیە دەردەكەوێت كوشتنی بە بەزەییانە بەتاوانی كوشتن دادەنرێت.
