شایەت بوون

شایەت بوون

لە دەقی ماددە (68)ـی قانونی ئوسوڵی دادگادا هاتووە، «كەسە نزیكەكان، منداڵ لەسەر باوانی و بەپێچەوانەشەوە، ژن لەسەر پیاوەكەی و بەپێچەوانەشەوە، ناتوانن لەدژی یەكدی ببنە شایەت» هۆكاری دانانی ئەم دەقە یاسایییە بۆ پارێزگاری لە خێزان دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە دۆسییەیەكدا منداڵ لە دژی باوكی شایەتی نەدات و، دواتر ئەم شایەتیدانە بە ئاژاوە بۆ سەر خێزان بشكێتەوە. بەڵام لە خۆیدا ئەم دەقە دژی ئەساسی ترین بنەمای دادگاییكردنە، كە بریتییە لە «كەشفی حەقیقەت». لە مەیدانی داوەریدا كەشفی حەقیقەت ئەساسە و، باقی شتەكانی دیكە لە بەرانبەر كەشفی حەقیقەتدا شتانێكی فەرعین، بۆ ئەو ئامانجە دەبێ هەر شتێكی‌دیكە ئەگەر هەبوو وەلا بنرێت، هەرچەندە مەكانەتی خێزان و ڕێزگرتنی دایك و باوك لە ئایینی ئیسلامدا گرینگییەكی زۆری هەیە، بەڵام لە كاتی داوەریدا ئەوەی گرینگە، گەیشتنە بە حەقیقەت نەك ڕاگرتنی خێزان، لەبەر ئەوە لانیكەم دەبوو دەقە یاسایییەكە بەجۆرێك بوایە كە مافی هەڵبژاردنی بە هەركەسێك بدایە، لەوەی بیەوێت ببێتە شایەت بەسەر نزیكەكانییەوە یان نا، چونكە بەو شێوەی كە ئێستا هەیە، لە پێناو زویر نەبوونی دڵی تۆمەتبار، دەرخستنی حەقیقەت و ویژدانی شایەت پشتگوێ خراوە.

 

Top