مافی بینینی منداڵ (المشاهدە)
ماددەی (١) : بڕگەی (٤) لە ماددەی (٥٧)ی یاسای باری كەسیەتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو: هەریەك لە دایك وباوك مافی بینین و مانەوەی منداڵەكانیان هەیە لە پاش جیابونەوە و نەمانی پەیوەندیی هاوسەرگیری و نەمانی یەكێكیان، ئەو مافە بنەچەكانیش دەگرێتەوە. تەنیا دایەنی منداڵ (دایك وباوك) لە دوای نەمانی ئەوانیش، ئەو كەسەی مافی دایەنی هەیە بەپێی یاسا بەركارەكان سەرپەرشتی پەروەردە وفێركردن وبواری كۆمەڵایەتی منداڵ دەكات تا تەمەنی (١٨)ساڵ، بینین لە ماوەی شیرەخۆریدا لە مانگێكدا دووجار دەبێت، لە شوێنیك كە لەسەری ڕێك دەكەون، لە حاڵەتی ڕێكنەكەوتنی دایك وباوك منداڵ لەشوێنێك دەبێت، كە دادگا بڕیاری لەسەر دەدات، لەپاش شیرەخۆری كات وشوێنی مانەوە بەپێی ڕێككەوتنی هەردوولا دەبێ، لەحاڵەتی ڕێكنەكەوتن مانەوە هەفتانە بیست وچوار كاتژمێر بەسەریەكەوە دەبێت، لە شوێنێك كە كەسی داواكار(غیر حاچن)دیاری دەكات، بەپێی بەرژەوەندی دایەنكراو، پاش كۆتاییهاتنی بینینەكە دەبێ دایەنكراو بدرێتەوە دەستی دایەن، بە پێچەوانەوە تا مانگێك مافی بینینی نابێت، ئەگەر دایەن ڕێگەی لە بینینی دایەنكراو گرت بەبێ پاساوی ڕەوا، لەلایەن جێبەجێكەری داد ئاگادار دەكرێتەوە، ئەگەر دووبارەی كردەوە بەپێی بڕیاری دادگای تایبەتمەند بۆ ماوەی مانگێك دایەنی دەگوازرێتەوە بۆ ئەو كەسەی كە بەپێی یاسای بەركار ئەو مافەی پێ دەدرێت، سەفەركردنی دایەنكراو بۆ دەرەوەی وڵات تەنیا بە ڕەزامەندیی دایك وباوك دەبێ، لەكاتی نەمانیاندا كەسی دایەن بەپێی یاسا ئەو مافەی دەبێت، هەر لایەكیان سەفەریان پێكرد، دەبێت بەڵێننامەیەك بدات كەپابەندبێت بەگەڕاندنەوەی بۆ وڵات.
