پێشڕەو نووری بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ گوڵان:   حكومەت و كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش ڕوویان لە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر كردووە

پێشڕەو نووری  بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ گوڵان:    حكومەت و كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش ڕوویان  لە بەرهەمهێنانی كارەبا  بە وزەی خۆر كردووە

 

 

گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بە یەكێك لەو ڕێگایانە دادەنرێت كە بۆ ئیدارەدانی كەرتی وزە و كەمكردنەوەی خەرجی و بەردەوامبوونی ئەم سامانە گرنگە پێویستە، سەرچاوەیەكی پاك و خاوێن و دۆستی ژینگەشە، چونكە بەرهەمهێنانی كارەبا بە نەوتی ڕەش و گازوایل و گازی سرووشتی، وێڕای تێچوونە بەرزەكەی، زیانیشی بۆ تێكچوونی ژینگە هەیە. وەزارەتی كارەبا هەوڵەكانی دەست پێ كردووە و لە یاسای وەزارەت و پڕۆژەكانیدا چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر ئەنجام دراون، ژمارەیەكی دیكەش گرێبەستی بۆ كراوە و چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەسەر ئاستی كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش دەكرێت سوود لە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر وەربگیرێت. بۆ ئەم مەبەستە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ پێشڕەو نووری بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا ساز دا.

 

 

 

* وەكو كەسێكی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبا، بەتایبەتی لە وزەی خۆر، سەرەتا دەكرێت سوودەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆرمان بۆ باس بكەیت؟

- وڵاتانی پێشكەوتوو و تازە پێشكەوتووش بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە و سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر، كە وزەیەكی بەردەوامە و تێچوونی كەمە، گرنگییەكی زۆر بە دانانی وێستگەی وزەی خۆر دەدەن و، هەنگاوەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ گرنگیدان بە وزەی خۆر و بەرهەمهێنانی كارەبا، تەنانەت لە ناو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكاندا گرنگییەكی زۆر بەم وزە نوێبووەی كارەبا دەدەن و، هانی گەورە كۆمپانیاكان دەدەن بۆ دانانی ئەم جۆرە وێستگانە، ئەوەتا لەسەر ئاستی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو تەنانەت وڵاتێكی وەكو سعودییە گەورەترین وێستگەی كارەبا بە وزەی خۆر دادەنێت، بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە، یان بە سیستمی سۆلار بۆ گەرمكردنی ئاوی ماڵان لە وەرزی زستاندا، سوودێكی یەكجار زۆری هەیە، هەم لە ڕووی بوونی سەرچاوەیەكی پاك و خاوێنی وزەی كارەبای بەردەوام و هەم بە پێی كات تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەباكەش لەسەر هاوبەشی كارەباكە كەم ڕادەوەستێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە لە هەرێمی كوردستان نرخی موەلیدە و كارەبای گشتی بەرزە، بۆیە من پێم وایە گرنگی و خەسڵەتەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر نەك تەنیا وا دەكات حكومەت و كەرتی تایبەت و هاووڵاتی ڕوو لەم وزە پاك و خاوێنە بكەن، بەڵكو سودێكی زۆر باش و خێرای دەبێت. لە ڕووی وزەی خۆریشەوە وەزارەتی كارەبا لە 31 شوێنی كوردستان لە سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك دیراسە و داتا و زانیاریی ماوەی ساڵێكی وەرگرتووە و لە بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام ئەو شوێنانەی لەبارن بۆ ئەم جۆرە پڕۆژەیە، زۆر سنووردارن و لە چوار شوێن زیاتر تێپەڕ ناكات، لەوێش توانای بەرهەمهێنان سنووردارە و لە ڕووی كەڵكی ئابوورییەوە گونجاو نییە بۆ دانانی تۆڕباینەكانی با، بەراورد بەو تێچووە زۆرەی لە كاتی دامەزراندنی تێی دەچێت.

* هەرێمی كوردستان تاچەند بۆ ئەم ئامێرانەی وزەی خۆر گونجاوە؟ ئایا جوگرافیا و تێچوونی لە بارە بۆ زیادكردنی پڕۆژە و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر؟

- لەسەر ئاستی دونیا هەرێمی كوردستان ڕێژەیەكی بەرزی تیشكی خۆری بەردەكەوێت و تیشكی خۆری بەردەوام و ڕێژەیەكی بەرزی هەیە، هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان و درێژبوونەوەی زنجیرە چیاكانی كوردستان ئاراستەیەكی لەبارە بۆ دانانی چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، درێژیی وەرزی هاوین و تەنانەت كەمیی ڕۆژەكانی هەور و بارانیش یارمەتیدەرە بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە، ئەمە وێڕای سوودەكانی بۆ ژینگەپارێزی و پاراستنی كەشوهەوای پاكی هەرێمی كوردستان، كە بۆ تەندروستی و هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری زۆر پێویستمانە، لەلایەكی دیكەوە بوونی ململانێ لەسەر نەوت و گاز لە جیهاندا و هەڵكشانی نرخەكانی تێچوونی یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای بەو سەرچاوانە زۆر بەرز كردووەتەوە، گرانیی تێچوونی نرخی موەلیدەش لە هەرێمی كوردستاندا كێشەیەكی دیكەی هاووڵاتیانە، بە شێوەیەكی گشتی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و دواتر پاڵاوتنی بۆ گازوایل و گواستنەوەی گازی سرووشتی و ئەگەری دروستبوونی كێشەی كەمیی ئەمجۆرە سووتەمەنییانە بەردەوام دۆخێكی نائارامی دروست كردووە، بەرزیی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەباش وا دەكات، بەردەوام مرۆڤ بە دوای سەرچاوەی دیكەدا بگەڕێت، لەم ڕوانگەیەوە وەزارەتی كارەبا لە یاسای نوێی وەزارەتی كارەبادا گرنگیی زۆری بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی پاك و ژینگەدۆستەكان داوە، چ بە ئاو و هەڵمی ئاو و كۆمباین سایكڵی وێستگەكانی گازی بێت، یان بەو گەرمیی دووكەڵەی كە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا وەردەگیرێت، لە هەمووشی گرنگتر و نوێتر لە یاسای وەزارەتی كارەبادا لە ئایندەدا جێگای بۆ كڕینەوەی ئەو وزەیەی كارەباش داناوە، بە شێوەی گۆڕینەوە لەگەڵ هاوبەشەكەدا، زۆربەی ڕێكخراوە مرۆیی و ژینگەپارێزەكان هاندەری بەرهەمهێنانی كارەبان لەم ڕێگەیەوە.

لە ئێستادا چەندین كۆمپانیای تایبەت بە وزەی خۆر دامەزراون و سیستمی جۆراوجۆری وزەی خۆر هاتووەتە كوردستانەوە، كە بەپێی كوالێتی و ماركەی كۆمپانیاكە كوالێتی و خەسڵەتەكانی دەگۆڕێت، زۆربەی بەرهەمەكان لە ئێستادا لە چین بەرهەم دەهێنرێت و لە ئەوروپا و ئەمریكا و زۆر وڵاتی دیكەی باشووری ئاسیاش بەرهەم دەهێنرێت .

* ئایا دەكرێت بزانین گرنگترینی ئەو پڕۆژانە چین كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دامەزراون و بە وزەی خۆر كارەبا بەرهەم دەهێنن؟

- گرنگترین كاری وەزارەتی كارەبا كە وەكو بناغەیەك وایە بۆ هاندان و بووژانەوەی ئەم بوارە، دەركردنی یاسای نوێی وەزارەتی كارەبا بوو، كە گرنگییەكی تایبەتی بە وزەی خۆر و هاندانی هاوبەشان بۆ دانانی تێدایە، بۆ نموونە لە داهاتوودا دوای دەركردنی ڕێنماییەكان هەر هاوبەشێك ئەم سیستەمەی لە ماڵەكەی، یان شوێنی كارەكەی، یان هۆتێل بێت، یان میوانخانە و گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل دابمەزرێنێت، لەكاتی زیادبوونی بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو بۆ كاروباری خۆی، دەتوانێت بیخاتەوە ناو تۆڕی كارەبای هەرێم و وەزارەتی كارەبا بە شێوازێك كە لە داهاتوو دیاری دەكرێت، لێی وەربگرێت، ڕەنگە ئەم شێوازە بۆ ئەو كۆمپانییانەی كە دەتوانن لەسەر باڵەخانەكانیان سیستمی سۆلار دابنێن، زۆر سوودی هەبێت. هەر لەسەر پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا، ئێمە لە وەزارەتی كارەبا سێ سیستمی سۆلارمان لە دوو قوتابخانە و بنكەیەكی تەندروستی دامەزراندووە، لە ئێستادا نیو مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، هاوكات چەند وێستگەیەكی وزەی خۆریش لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی بە توانای 25 مێگاوات گرێبەستی بۆ كراوە و، هەر پڕۆژەیەك توانای 25 مێگاوات كارەبای هەیە، ڕاستە ئەم بڕە كارەبایە ئەگەر بەراورد بكرێت بە بەرهەمهێنانە زۆر و بەرزەكەی وێستگە غازییەكان كە لە ئێستادا بۆ نزیكەی بەتێكڕا 3500 مێگاوات بەرز بووەتەوە، بڕە كارەبایەكی كەمە، بەڵام تێچوونی سووتەمەنیی نییە و زامنی بەردەوامیی هەیە و ژینگەش پیس ناكات، واتا بە تێكڕای كات تێچوونی دامەزراندنی سیستمەكە لەسەر خاوەنەكەی زۆر كەم دەبێتەوە و تەنانەت دوای ماوەیەك هەر نامێنێت.

لەلایەكی دیكەوە لە كەمپی دۆمێز كار بۆ دانانی وێستگەیەكی 7 مێگاواتی كارەبا بە وزەی خۆر دەكرێت، كە بە پاڵپشتیی ڕێكخراوێكی بیانی و زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك ئەم كارە بەڕێوە دەچێت و، لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە وەزارەتی كارەبا تەنیا بەشەو كارەبا بۆ كەمپەكە دابین دەكات و بە درێژایی ڕۆژ كارەبای دەبێت.

لە ئێستاشدا لە هەنگاوێكی نوێدا وەزارەتی كارەبا لەسەربانی دیوانی وەزارەت و لەسەر كەپری ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەت پڕۆژەیەكی گرنگی دەست پێ كردووە، لە قۆناغی یەكەمدا توانای بەرهەمهێنانی 130 كیلۆ واتە، واتە نزیكەی 240 ئەمپێڕ و لە قۆناغی دووەمدا هەموو سەر كەپری ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەت لەخۆ دەگرێت و بە توانای نیومێگاواتە. بەڕێوەبەرایەتییەكەمان نووسراویشی ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كردووە، بۆ ڕووپێوكردنی ئەو ڕووبەرەی كە لەسەر بانی بینایەكان دەتوانرێت سیستمی وزەی خۆری لێ دامەزرێت.

* ئەگەر هاووڵاتییەك یان خاوەنی باڵەخانە و كۆمپانیا و قوتابخانە و نەخۆشخانەیەكی كەرتی تایبەت بیەوێت ئەم جۆرە سیستمەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر دابنێت و، بیەوێت لە ڕێگەی حكومەتەوە بیبەستێتەوە بە كارەبای نیشتمانییەوە، دەبێ چی بكات؟

- سەرەتا من نامەوێت لەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەدا پەلە بكرێت، پێویستە كەسانی شارەزا و لێهاتوو سیستمەكە ببەستن و، لە جۆر و كوالێتی لەوحە خۆرییەكان و پاتری و تەواوی سیستمەكە شارەزایی هەبێت، ئەوجا دادەنرێت و سوودی لێ وەردەگیرێت، تاوەكو لە وەزارەت ڕێنمایی بۆ دەردەكەین، ئەو كات هاووڵاتی دەتوانێت لە ڕێگەی گۆڕینەوەی وزەوە سوودی لێ وەربگرێت.

Top