زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تووشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی
بێ گومان زۆرێک لە ئێمە ڕۆژانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنین، کە ئەمەش کەم و زۆر کاریگەری درووست کردووە لەسەر ژیانی ڕۆژانەماندا. ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە خۆی لە خۆیدا کێشە نییە، بەڵکو زۆر بەکارهێنانی بە شێوازێکی نادرووست و نا تەندروست کێشەیە. هاوكات کاریگەری نەرێنی و خراپ درووست دەکات لەسەر کەسەکە و دەووروبەری، ئەوە زیاتر وامان لێدەکات گیرۆدەبین. جگە لەوەش کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر لایەنی دەروونی تاک. بەپێی زۆربەی توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندیە زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەری تووشبون بە نەخۆشی خەمۆکی زیاد دەکات.
وە هەروەها توێژینەوەیێکی بەریتانیا ئەوەی دەرخستووە کە کچان و ئافرەتان زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو ئینستاگرام، سناپچات، ڤایبەر، واتس ئەپ، تیک تۆک و فەیسبووک هتد... بەکاردەهێنن و ئەکەریتووشبون بە نەخۆشی خەمۆکی زیاتر دەکات بە بەراورد بە پیاوان، وە کچان و ئافرەتان زیاتر هەستیارن و ژیانی خۆیان بەراورد دەکەن لەگەڵ ژیانی کەسانی دیکە، چونکە بەپێی زۆرێک لە بەکارهێنەران ئەو وێنەیی بڵاویدەکەنەوە وێنەی ڕاستەقینەیی ژیانی خۆیان نییە، بەڵام وا خۆیان نیشان دەدەن کە ژیانی ڕاستەقینەیان بەم شێوەیە. ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروست کردووە، چونکە بەشێکی بەرچاوی بەکارهێنەران بەردەوام ژیان و گوزەرانی خۆیان بەراورد دەکەن بە ژیانی کەسانی دیکە، کە لە نزیکەوە نایانناسن و ئاگاداری بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئەوان نیین، کە پێیان وایە ژیانی ئەوان خۆشترە. جگە لەمانەش زۆرجار زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان وەکو تێکچونی پەیوەندییە خێزانیەکان یان دەبێتە هۆی دروست بوونی تەڵاق، وە زیاد بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە هۆی پشتگویێ خستنی کەسانی دەووروبەر و لاوازبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان. وە لە هەمان کاتدا هۆکارە بۆ تووشبون بە چەندین نەخۆشی دەروونی وەکو ( لەبیرچوونەوە، بێ هێزی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، کەم خواردن، بێ ئارامی و کەم خەوتن).
کەواتە وا باشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردێنن کات و بەرنامە دابنێنن، بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات.
ئیمان محەمەد شێرکاوەیی
