تاجی گەوهەری سەری ژنەکەی ناپلیۆن بە زیاتر لە 700 هەزار یۆرۆ فرۆشرا

تاجی گەوهەری سەری ژنەکەی ناپلیۆن بە زیاتر لە 700 هەزار یۆرۆ فرۆشرا

 

 

دوو تاجی گەوهەری دەگمەنی سەری ژۆزفین بناپارت، هاوسەری ناپلیۆن بناپارت، ئیمپراتۆری فەرەنسا، لە لەندەن بە 710 هەزار هەزار یۆرۆ لە مەزاد فرۆشران.

بە گوتەی بەرپرسانی مەزادەکەی ساتبیز، ئەو دوو تاجە لە کۆکراوەیەکی تایبەت بە بەریتانیایە کە بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ 150 ساڵ پێش، وا بیر دەکرێتەوە کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە لەلایەن خوشکی ناپلیۆن کارۆلینەوە بە دیاری درابێتە ژۆزفین.

هەردوو تاجەکە بە بەردی گرانبەها نەخشێنراون کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانی و 100 ساڵ پێش میلادی.

کریستیان ئسپۆفۆرث لە مەزادەکەی ساتبیز گوتی: "ئەو گەوهەرە مەزنانەی لەسەر ئەم تاجانە جێگیر کراون، لە باشترین جۆری گەوهەرن"  ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەوان لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٥ دروست کراون، شێوازی ئەوان زۆر کاریگەرە بە سەردەمی نیۆکلاسیک، بێگومان ئەو پێگەیە نیشان دەدەن کە ژۆزفین لەو کاتەدا وەک هاوسەری ناپلیۆن بناپارت هەڵیگرتووە.

ئسپۆفۆرث لە بەردەوامیدا گوتی: ئەم خشڵانە باشترین و جوانترینن و وردەکاریی زۆر نایاب و بە کوالێتێكی بەرزدروست كراوە. کە لە لایەن باشترین كارگەکانی ئەوکاتی فەڕەنساوە بەرهەم هێنراوە.  

بەرپرسانی مەزادەکەی ساتبیز، پێیان وایە کە نەخشەکانی سەر ئەم خشڵانە بە دڵخوازی ژۆزفین دروست کراوە و دواتر لەوانەیە لە ساڵی 1808 لە پاریس ئەم خشڵانە لەسەر تاجێک جێگیر کرابن و کارێکی نیۆکلاسیکی ئامادەکراوە.

هیچ وردەکاریەک لەسەر ناسنامەی کڕیاری تاجەکان بڵاونەکراوەتەوە و دیار نییە کێ بڕی 710 هەزار یۆرۆی داوە بۆ ئەم تاجە بێهاوتا و بەنرخانە .

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top