پاپای ڤاتیكان داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات كێشەی كۆچبەران چارەسەر بكەن
ئاژانسەكانی نزیك لە ڤاتیکان وتارێکی پاپا فڕانسیسیان بڵاوكردەوە كە تایبەت بوو بە كێشەی كۆچبەران كە ڕۆژانە تووشی دەردەسەری و توندوتیژی دەبنەوە، پاپا لە وتارەكەیدا گوتبووی: هاوسۆزی خۆم بۆ ئەو دەیان هەزاران کۆچبەر و پەنابەرانە دووپات دەكەمەوە،هەرگیز لەبیریان ناکەم، فرمێسكەكانیان دەبینم و گوێم لە گریانەکانیانە و بەردەوام دوعاشیان بۆ دەكەم.
لە درێژەی وتارەكەیدا دەڵێت: زۆرێک لەو پیاو و ژنان و منداڵانە ڕووبەڕووی توندوتیژیی نامرۆڤانە دەبنەوە، جارێکی دیكەش ڕوو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەم بۆ ئەوەی بەڵێنی خۆیان بەجێ بگەیەنن و هەوڵی جیددی بدەن تاكو چارەسەرێکی هاوبەش و تەواو بۆ ئەو شەپۆلی کۆچبەرییەی لە لیبیا و لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاستدا هەیە، بدۆزنەوە.
پاپا دوا لە حكومەتان دەكات و دەڵێت: پێویستە چی دیكە کۆچبەران نەنێرنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لە ڕووی ئاسایشییەوە ناجێگیرن، هەروەها ئەرکی سەرەکی ئەو حکومەتانەشە ژیانی ئەو کۆچبەرانە ڕزگاربكەن كە لەناو دەریای ناوەڕاستدان و بە هەموو ڕێگایەك بیانگەیەننە بەندەرەکان و دەست بەسەرنەکرێن و مافی پەنابەرێتییان پێ بدەن.
