وەزیری بەرگریی ئەمەریکا: تا ئێستا 42 هەزار هاووڵاتیمان لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستۆتەوە
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری جەنەڕاڵ هانک تەیلەر وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بڵاوی كردووەتەوە كە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا پتر لە 16 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستراونەتەوە. جەنەڕاڵ هانک تەیلەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕوونی كردەوە كە (61) فڕۆکەی سەربازی و ئابووری و مەدەنی لەگەڵ کۆمەڵێک فڕۆکەی وڵاتانی دیکەدا هاووڵاتییانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایەوە گواستووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمەریکا هەوڵدەدات تاکو 31 ی ئەم مانگە ئەرکەکانی گواستنەوەی هاووڵاتیان تەواو بکات.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی كە لە مانگی ڕابردووەوە تاکو ئێستا ئەمەریکا 42 هەزار کەسی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستۆتەوە، 37 هەزاریان لەدوای کۆنترۆڵکردنی کابوڵەوە بوو لەلایەن تاڵیبانەوە. بەپێی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش جۆن کیربی لەنێو ئەوانەشدا چەند هەزار هاووڵاتییەکی ئەمەریکی و ئەفغانیشیان تێدایە کە پێشتر لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا کارییان کردووە، یان مەترسییان لەسەرە.
لەلای خۆشیانەوە بەرپرسانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا باس لەوە دەكەن كە پێدەچێت گواستنەوەی هاووڵاتیانیان لە دوای 31 ی مانگی هەشتیشەوە هەر بەردەوام بێت.
