سبەی لووتكەی كۆمەڵەی حەوت بۆ باسكردنی دۆخی ئەفغانستان كۆدەبێتەوە

سبەی لووتكەی كۆمەڵەی حەوت بۆ باسكردنی دۆخی ئەفغانستان كۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەی(سێ شەممە) سەرانی كۆمەڵەی حەوت بۆ باسكردنی پەرەسەندنەكانی قەیرانی خێرای ئەفغانستان، دوای كۆنترۆڵكردنی وڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان، كۆببێتەوە.

بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو كە داوای بەستنی لووتكەی كردووە بۆ  گفتوگۆكردن سەبارەت بە قەیرانی ئێستای ئەفغانستان، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە بەدوای باشترین ڕێگەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەو قەیرانە زیاتر پەرەبسێنێت.

جۆنسۆن لە تویتێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی ئەفغانستان بە هێمنی و ڕێگە نەدرێت قەیرانی مرۆیی بەدوادا بێت. بەریتانیا لە ئێستادا سەرۆكایەتیی دەوریی كۆمەڵەی حەوت دەكات كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیتاڵیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ژاپۆن و كەنەداش تێیدا ئەندامن.

 لە واشنتۆنیش جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی دووپاتی كردەوە كە سەرۆك جۆ بایدن بەشداری لەو كۆبوونەوە لووتكەیەدا دەكات.

ساكی لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردەوە كە بایدن لەگەڵ ئەو سەركردانەی دیكەدا باس لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوكاری دەكات تایبەت بە ئەفغانستان، بە تایبەتیش ڕاگواستنی بیانییەكان، هەروەها ئەو ئەفغانییە ئازایانە و هەندێ لە هاووڵاتیانی دیكەی سڤیل كە بە درێژایی دوو دەیە پاڵپشتمان بوون.

 

 

Top