فەرماندەیەكی سوپای بەریتانیا: كاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ ئێراندا توندتر بین

فەرماندەیەكی سوپای بەریتانیا: كاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ ئێراندا توندتر بین

جەنەرال نیك كارتەر فەرماندەی سوپای بەریتانیا ڕایگەیاند كە كاتی ئەوە هاتووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا توندتر بین، ئەم لێدوانەشی دوای ئەو زنجیرە ڕووداوانە دێت كە جووڵەی نەوتهەڵگرەكانی جیهانی كردووەتە ئامانج و لەمەشدا تاران بە تۆمەتبار دەزانێت.

كارتەر لە دیدارێكی ڕادیۆییدا ڕوونی كردەوە كە ئەوەی زۆر پێویستە بیكەین ،ئەوەیە كە بە هەموو لایەكمان ئێران بە مڵهوڕو سەركێش و تۆمەتبار لە قەڵەم بدەین.

فەرماندەی سوپا بەریتانیا دەشڵێت ئەو هێرشەی هەفتەی ڕابردوو كرایە سەر كەشتیی(میرسر ستریت) بووە هۆی ئەوەی كە ئەم تاوانە بە دەوڵەتی بكرێت.

لەلای خۆشیانەوە ئاژانسەكانی هەواڵ پێشبینی ئەوە دەكەن كە ڕەنگە چەندین سیناریۆ هەبن بۆ بەرپەچدانەوەی سەربازی بەرانبەر بە ئێران بە هۆی ئەو هێرشەی كە كرایە سەر كەشتیی(میرسیر ستریت)ی ئیسرائیلی لە دەریاەی عەرەب.

شارەزایان ئەو سیناریۆیانە لە (4) ئەگەردا دەبینن، گورزی سەربازی، یان سەپاندنی سزای  تازەی ئابووری و سەربازی، یان ناچاركردنی تاران كە قەرەبووی زیانەكانی كەشتییەكە بكاتەوە، دواجار دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گەمارۆدانی ڕژێمی حوكم لە ئێران، وەك ئەوەی كە بەرانبەر بە سەدام حوسێنی سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام درا.

 

 

Top