دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن

دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن
لە رۆژهەڵاتی کوردستان 127 دەزگا مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەیان هەیە. زۆربەیان سەر بە دامودەزگا حکومی و سەربازییەکانن و کەمتر لە 30 دەزگایان هی خەڵکین. لە نێو ئەوانیشدا زۆربەیان کار لەسەر بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئایینییەکان دەکەن. کەمتر لە 10 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە هەن بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نووسەر و وەرگێڕانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان.

یەکێک لەو دەزگایانە، کتێبخانەی کتێبی مانگە، کە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە و لە 7 ساڵی چالاکیی خۆیدا، زیاتر لە 400 ناونیشانی کتێبی بەتایبەت لە بوارەکانی ئەدەبیات، منداڵان و لێکۆڵینەوە کوردییەکاندا چاپ و بڵاوکردوونەتەوە. ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی داهات و زیادبوونی خەرجییەکانی، پێشانگاکەی کۆدەکاتەوە.

کێشەکانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان یەک و دوو نین. نرخی کاخەز، چاپ و هەموو تێچووەکانی دیکە چەند هێندە بەرزبووەتەوە. ئەوەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی کتێب.

دۆخی ئابووریی خراپی خەڵک و گرانبوونی کتێب، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی کڕین. لەم دۆخەدا، شوێنی وەکو ئەم پێشانگایە وەکو ناوەند بوون بۆ پێدانی کتێب بە خەڵک و گردبوونەوەی نووسەر، وەرگێڕ و خوێنەران لەدەوری یەکدی.

دۆخی مانگ مشتێکە لە خەروارێک؛ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی دیکەش بەو دۆخەدا تێدەپەڕن. لە بانە، بەڕێوەبەرانی مانگ داوایان لە کەسانێک کردووە، کە لەڕووی ئابوورییەوە دەستڕۆیشتوون، تاوەکو پشتیوانییان بکەن پیشانگاکە دانەخرێت، بەڵام هاوکارییان نەکردوون.
rudaw -
Top