وەزارەتی کشتوکاڵ: دەرمانی قڕکەری مێروو بۆ جووتیاران دەکڕین

وەزارەتی کشتوکاڵ: دەرمانی قڕکەری مێروو بۆ جووتیاران دەکڕین
مێرووی سن و کیسەڵە لە دەشتی شارەزوور، کۆیە، هەریر و باتاس و چەند شوێنێکی دیکە بڵاوبووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بۆ جووتیاران دەرمانی قڕکەری مێروو دەکڕین".

حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "مێرووی زیانبەخشی سن و کیسەڵە زیاتر لە ناوچە کوێستانییەکاندایە و بۆ پاراستنی بەروبوومی کشتوکاڵیی جووتیارانیش دەرمانی قڕکەری مێروو دەکڕین".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ کڕینی دەرمانی قڕکەر و بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەین؛ هەوڵدەدەین بەمنزیکانە دابین بکرێت".

بەهۆی هاتنی سن و کیسەڵە بۆ نێو زەویی کشتوکاڵی لە دەشتی هەریر و باتاس، زیاتر لە 74 هەزار و 500 دۆنم زەویی داچێنراو بە گەنم و دانەوێڵەی جووتیاران، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.

فەریق حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی دەشتی هەریر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند "لە کۆی رووبەری زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی دەشتی هەریر، 74 هەزار دۆنم زەویی داچێندراوە بە گەنم و جۆ. مێرووی سن و کیسەڵە ئێستا لە قۆناخی دانانی گەرادایە و هیچ زیانێکی لە گەنمی جووتیاران نەداوە، بەڵام رێکارەکانمان گرتوونەتەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆئەوەی تاوەکو سەری مانگ قەڵاچۆ بکرێت و کەمترین زیان بە بەرهەمی جووتیاران بگەیێنێت".

هەروەها بەهادین عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بیارە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کێشەی کەمیی باران باراینمان هەیە؛ مێرووی سن و کیسەڵەش گەیشتووەتە دەشتی شارەزوور. سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە ساردەکان دادەبەزێت و کاتێک گەنمەکە پێدەگات سن و کیسەڵەکە دادەبەزێت. ئەو مێرووانە سەرەتا زیان بە ناوچە شاخاوییەکان و دواتریش بە بەرووبوومی ناوچەکانی دیکە دەگەیێنن".

بەهادین عوسمان ئەوەی خستەڕوو "بەشی پاراستنی رووەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکامان هەیە و ئەوانیش راسپێردراون بەدواداچوونێکی گشتی بکەن. چاوەڕێی بەدواداچوونی ئەوانین و دواتر بۆمان دەردەکەوێت چەندە دەرمانمان بۆ لەنێوبردنی مێرووی زیانبەخش پێویستە".
k24 -
Top