لە نێو شاری سلێمانیدا دەستدرێژی دەكرێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێك

لە نێو شاری سلێمانیدا دەستدرێژی دەكرێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێك
لە نێو شاری سلێمانیدا دەستدرێژی دەكرێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێك و وێڕای چەند جارێك ئاگاداركردنەوەی ئاسایش، دەستدرێژییەكە بەردەوامە و لەمبارەیەوە داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكرێت.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ شەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢١، رۆژنامەنووسێك بە ناوی محەمەد فاتیح كە بێژەر و هەواڵسازە لە ڕادیۆی (نەوا)، سەردانی كردوون و ئاگاداری كردوونەتەوە لەوەی بە بەردەوامی دەستدرێژی دەكرێتە سەر ماڵەكەیان.

ئەوەشی روون كردەوە كە لە ماوەی مانگێكدا چەند جارێك كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرشیان كردۆتە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە گەڕەكی (كوردسات)ی شاری سلێمانی و بە پێ‌لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیدا و دەرگای ماڵەكەیان شكاندووە و هەڕەشەیان لێكردوە. ڕۆژنامەنووسەكەش گوتوویەتی: ”چەند جارێك بە رەسمی و نارەسمی ئاگاداری لایەنی ئەمنیی ناوچەكەم كردووە، پێیان راگەیاندووم كە ئەو دەستدرێژییانە پەیوەندی بە كارەكەمەوە هەیە".

بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، ئەو ڕۆژنامەنووسە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی نیشانی بەرپرسانی سەنتەری میترۆ داوە و تێیدا دەركەوتووە كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرشیان كردۆتە سەر ماڵەكەی و هەڕەشەشیان لێی كردووە.

بە گوتەی ڕۆژنامەنووسەكە، ماوەی مانگێك زیاترە ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامە و سێ‌ جار ئاسایشی ئاگاداركردوەتەوە و لەدوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دانانی كامێرای چاودێری، كەچی دەستدرێژی بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامە و ئێستا ژن و منداڵەكانی تووشی ترس و دڵەڕاوكێ‌ بوون.

سەنتەرەكە داوای لە دامەزراوە ئەمنییەكانی سلێمانی كردووە، لێكۆڵینەوەی جددی و بەپەلە لە هێرشكردنە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە بكەن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش رابگەیەنن.













باسنيوز


Top