فایزەر و بایۆنتێک: ڤاکسینەکەمان لانیکەم بۆ شەش مانگ کاریگەرە

فایزەر و بایۆنتێک: ڤاکسینەکەمان لانیکەم بۆ شەش مانگ کاریگەرە
کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێک رایانگەیاند، لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە دوای شەش مانگ لە وەرگرتنی دۆزی دووەمی ڤاکسینەکەیان، کاریگەریی ڤاکسینەکە لە نێو لەشی مرۆڤ بۆ لەنێوبردنی کۆرۆنا بە رێژەی 91.3% ماوەتەوە. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیێنێت، کە لانیکەم بۆ ماوەی شەش مانگ، ڤاکسینەکە دەتوانێت مرۆڤ لە کۆرۆنا بپارێزێت.

هەروەها لە راگەیێنراوەکەیاندا هاتووە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ئەوەشی پشتڕاستکردووەتەوە ڤاکسینە هاوبەشەکەیان هیچ کاریگەریێکی نەرێنی نییە.

پێشتریش سەنتەری پێشگیریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتێک بە رێژەی 100% دەتوانێت مرۆڤ لە نەخۆشکەوتن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بپارێزێت، لە کاتێکدا فەرمانگەی خۆراک و دەرمانەکانی ئەمریکاش رایگەیاندبوو ڤاکسینەکە بە رێژەی 95.3٪ دژی کۆرۆنا کاریگەرە.

لە تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوتووە کە دوای شەش مانگ لە وەرگرتنی دۆزی دووەمی ڤاکسینەکە، لە کۆی 46 هەزار و 307 کەس، تەنیا 77یان نیشانەکانی کۆرۆنایان لێ دەرکەوتووە کە 33یان بارودۆخیان سەخت و ئەوانی دیکەش جێگیر بووە.

ئوگور شاهین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی کە ئەرکی لێکۆڵینەوەی زانستیی ڤاکسینەکەی لە ئەستۆدایە، باس لەوە دەکاt ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوە ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە کە ڤاکسینەکەیان دژی ئەو جۆرە کۆرۆنایانەی کە ئێستا بڵاوبوونەتەوە کاریگەرە و دەتوانێت لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی بە کۆی پەتاکە بێنێت.

ئەلبێر بۆرلا، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی کە بەرپرسیاریەتیی کارگێڕی و بازرگانیی ڤاکسینەکەی لە ئەستۆدایە، ئاماژە بەوە دەکات ئەنجامی تاقیکردنەوەکە هانیان دەدات داوا لە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا بکەن مۆڵەتی بەکارهێنانی تەواوەتی بە ڤاکسینەکەیان بدەن، لە کاتێکدا هەموو ئەو ڤاکسینانەی ئێستا دژی کۆرۆنا لە جیهاندا بەکاردەهێنرێن، تەنیا مۆڵەتی بەکارهێنانی فریاگوزارییان پێدراوە بۆ ئەوەی بارودۆخی سەختی کۆرۆنا تێپەڕبکرێت و دوای کۆتاییهاتنی پەتاکە، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە داهاتووی دووردا، هیچ کاریگەرییەک لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروستناکەن.
rudaw -
Top