ئیرادەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوت و خۆفرۆشان جارێكی تر شكستیان هێنا

ئیرادەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوت و خۆفرۆشان جارێكی تر شكستیان هێنا
بە جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراق، ئیرادەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوت و خۆفرۆشان و ئەوانەی دەیانویست بەرامبەر مووچەیەكی سەرشۆڕانە هەموو شتێكی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدا بكرێتەوە، شكستیان هێنا.

چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەكەنەوە كە بە پەسەندكردنی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان، خیانەتکارانی ١٦ ئۆکتوبەر و هاوپەیمانیی هیوای جاشەكان و هەموو ئەوانەی هەوڵی ڕادەستکردنی هەموو هەرێمی كوردستانیان دەدا بەرامبەر بە مووچەیەكی سەرشۆڕانە، شكستیان هێنا و ئیرادەی بەهێزی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوت.

یەكێك لەوانەی هەوڵی دەدا هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر مووچەیەك خۆی رادەستی بەغدا بكاتەوە، لاهوور جەنگی و تاقمە خۆفرۆشەكەی و یەكێتی بوون، كەچی ئێستا هەوڵدەدەن شكستەكەیان پەردەپۆش بكەن و خۆیان بكەن بە خاوەنی سەركەوتنەكە.

لەمبارەیەوە به‌ختیار تاڵه‌بانى، چاودێرى سیاسى ڕایگه‌یاند: ”زۆربەی ئەو لایەنانەی دژى هه‌رێمى كوردستان بوون و شه‌و و ڕۆژیان بۆ دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كردبوو، ئێستا خۆیان وانیشان دەدەن گوایە ئەوان خاوەنی سەركەوتنی جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستانن، لاهوور و تاقمه‌كه‌ى و چه‌ندانی دیكەش كه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ شاندى هه‌رێمی كوردستان ده‌گرت له‌ به‌غدا و به‌ لاواز وه‌سفیان ده‌كردن و به‌بێ ده‌سه‌ڵات ناوزه‌ندیان ده‌كردن، لە بری پاڵپشتیكردنیان، ئاستەنگیان بۆ دروست دەكردن، ئێستا وادەزانن خەڵكی شكستەكەیان نابینن“.

روونی كردەوە كە پاش پەسەندكردنی یاسای بودجە، هەمان ئەو كەسانەی پێشتر حكوومەتی هەرێمیان بەوە تۆمەتبار دەكرد لەگەڵ بەغدا ڕێك ناكەوێت و سازش بۆ بەغدا ناكات، ئێستا سینگی خۆیان دەردەپەڕێنن و خۆیان دەكەنە خاوەنی سەركەوتنەكان، لە كاتێكدا ئەو كەسانە شكستیان لە هەوڵەكانی خۆیان هێناوە.

هەر لەمبارەیەوە د. رێبین سەلام، مامۆستای زانكۆ رايگەیاند، لاهوور جەنگی و تاقمەكەی بە شێوەیەكی چاوقاییمانە دەیانەوێت خۆیان بكەنە خاوەنی سەركەوتنی ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا، لە كاتێكدا هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن ئەوان دەیانەویست بۆ مووچەیەك هەموو هەرێمی كوردستان تەسلیمی عێراق بكەنەوە وەك چۆن پێشتر كەركووكیان تەسلیم كردۆتەوە، ”مەگەر هەر ئەوان نەبوون لێژنەی دانوستانكاریان بە لاواز نیشان دەدا؟ خێرە ئێستا دەڵێن لێژنەكە بەهێز بوو و ئێمە پشكی كوردستانمان جێگیر كردووە؟“.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی كردەوە كە لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا ئیرادەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی سەربەرزی كوردستان سەركەوت و بەبێ ئەوەی هیچ سازشێك لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت (كە تاقمێك داوای ئەو سازیشكردنەیان دەكرد)، ڕێككەوتن كراوە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق جێگیر كراوە.













باسنيوز


Top