پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، په‌یامێكى بە بۆنەی پەسەندكردنی بودجەی عێراقه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، هیوای ئەوە دەخوازین په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ دەستپێكێك بێت بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی دیالۆگ و پێكەوەژیانی ئاشتییانە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1/4/2021، سه‌رۆك بارزانى په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بە بۆنەی پەسەندكردنی بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، دەستخۆشی لە گشت لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان دەكەم، هەروەها سوپاسی شاندی حكوومەتی هەرێمى كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی تری ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم، كە بە ماندووبوون و هیممەت و پێداگرییانەوە، توانییان لەگەڵ یەكتر بگەنە ئەنجام و بەشی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی عێراقدا جێگیر بكەن".

سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "پەسەندبوونی بودجەی عێراق هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستە و هیوای ئەوە دەخوازین كە دەستپێكێك بێت بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی دیالۆگ و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، هەروەها گەڕاندنەوەی بنەماكانی شەراكەتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق".




باسنيوز
Top