کاژێر 12:00ی ئەمشەو قەدەخەی هاتووچۆ لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات
موقەدەم سەلام خۆشناو، بەرپرسی ئاسایشی بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، راگەیاند "بەپێی راگەیاندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر، لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لە کاژێر 12:00ی ئەمشەوەوە قەدەخەی هاتووچۆ لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت و تاوەکو کاژێر 07:00ی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت".
بەرپرسی ئاسایشی بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، داوای لە هاووڵاتییانی شارەکانی سنووری عێراق کرد، هاوکاربن، چونکە لەو ماوەیەی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت، رێگەیان پێنادرێت بێنە ناو سنووری پارێزگای هەولێرەوە.
موقەدەم سەلام خۆشناو گوتیشی "داواکارین هاونیشتمانیان لەکاتی هاتووچۆی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پابەندبن بە بەستنی ماسک، رێکارەکانی خۆپارێزی، ئەگەر هەر هاووڵاتییەک پابەند نەبێت، ناچارین رێگەیان پێنەدەین بێنە ناو شاری هەولێرەوە، ئەوەش بۆ سەلامەتیی گشتییە".
رۆژی یەکشەممە 28-03-2021، ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر کۆبووەوە و، 9 بڕیاری لەبارەی رێکارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەرکرد و رایگەیاند، لەمەودوا هەر کەسێک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.
لە راگەیێندراوەکەدا ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوا لە هاونیشتمانیان دەکات "پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و رەوشی تەندروستی لەوەی هەیە، سەختر نەبێت".
rudaw -
