له هه‌ولێر دوو پشتێنەی سەوزایی دروست دەکرێن
عه‌بدولواحید ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر بە (باس‌نیوز) ی ڕاگەیاند: "شاره‌وانیی هه‌ولێر كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر ده‌كات و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو پشتێنه‌یه جێبه‌جێ بكرێن، كه پانیی یه‌كه‌میان دوو كیلۆمه‌تر و درێژییه‌كه‌ی 80 كیلۆمه‌تر ده‌بێت، سه‌رجه‌می ڕووبه‌ره‌كه‌ی ده‌گاته 160 كیلۆمه‌تر دووجا".
سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی له شاری هه‌ولێر گوتی: " ئێستا ڕێژەکە نزیکه‌ی 19%یه، له به‌رنامه‌دایه ئه‌و ڕێژه‌یه بۆ %25 زیاد بكه‌ین".
لای خۆیەوە ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و ئەندازەکانی هەولێر ڕاگەیاند: "نەمامگەكانی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ساڵانە نزیكەى 200 هەزار دار و گوڵ بەرهەم دەهێنن، ساڵانەش ژمارەیەكی زۆر دار و نەمام و گوڵ دەچێندرێن".
ئه‌وه‌شى خسته ڕوو، ساڵی رابردوو وێرای قەدەغەی هاتوچۆ، هەزاران دار و گوڵیان چاندووە، گوتیشى: "قەدەغەی هاتوچۆ وای نەکرد ئێمە بووەستین، بەڵکوو لەو ماوەیەدا سەرەتا 60 هەزار گوڵ و دارمان چاند، دواتر گەیشتە پلانی کۆتایی و بووە 100 هەزار دار و گوڵ، ئەمساڵیش 30 بۆ 40 هەزار دار و گوڵ و نەمامی دیكه دەچێندرێن، تەنیا بۆ ناو شاریش نابێت بۆ دەوروبەری هەولێریش دەبێت".
ڕێبین ئەحمەد جەختی له‌وه‌ش کردەوە، پشتێنه‌ی سەوزایی بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی زۆر گرنگە، باسى له‌وه‌ش كرد: "ئامانج له دروستكردنى پشتێنه‌كان، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاککردنی هەوا و جوانکردنی شارە".
باس‌نیوز
