ھەرێمی كوردستان رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا توندتر دەكات
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی لە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گوتی: "رۆژانی پێنجشەممە هاوشێوەی هەینی و شەممە، دەبێتە پشووی فەرمی لە دامودەزگاکانی هەرێمی كوردستان. هەروەها لە دوای کۆتایی هێنان بە تاقیکردنەوەکان، خوێندن دەکرێتە ئۆنڵاین".
بڕیارەكان زیاتریشن بەم شێوەیە، ھۆڵەكانی سینەما دادەخرێن، ھاتووچۆی نێوان ھەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی و شەممە جگە لە بارھەڵگرەكان و شاندەكان رادەگیرێت. كافتریا و یانە شەوانەكان لە 9 شەو تا 6 بەیانی دادەخرێن. رۆژانی پێنجشەممە دەوامی فەرمانگەكان دەبێتە پشوو.
دلۆڤان مەحەمەد، بەرێوەبەری گشتی تەندرووستی ھەولێر گوتی: "ئەگەر تووشبوونی ھاووڵاتییان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە كۆبوونەوەی داھاتوو دوور نییە قەدەغەی ھاتووچۆی سنووردار رابگەیەندرێت".
بۆ مانگی رەمەزان و جێبەجێكردنی ئەركە ئاینییەكان، وابڕیارە وەزارەتی ئەوقاف و كارووباری ئایینی، رێكاری تایبەت بڵاوبكاتەوە. لەھەمان كاتدا، دانانی مەفرەزەكانی پۆلیس و زێرەڤانی لەسەر شەقامەكان بەردەوام دەبن بۆ پابەندكردن و گرتنەبەری رێكاری ئیداری بەرامبەر ھاووڵاتییان بۆ بەستنی ماسك و جێبەجێكردنی رێكارە تەندرووستییەكان.
k24 -
