بەرپرسی میحوەری باکوور و ڕۆژئاوای کەرکووک: هیچ شتێکی نوێ نییە و ناوچەکە ئارامە

بەرپرسی میحوەری باکوور و ڕۆژئاوای کەرکووک: هیچ شتێکی نوێ نییە و ناوچەکە ئارامە
بەرپرسی میحوەری باكوور و ڕۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە ڕای گەیاند ئاراستەكردنی مووشەك بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە بەرەی پردێ، هیچ زیانی گیانی و دارایی نەبووە و ئێستاش دۆخی ناوچەكە ئارامە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30/3/2021، نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری باكوور و ڕۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕايگەیاند: "شەوی ڕابردوو لە سنووری پردێ سێ مووشەك ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كرا، بەڵام زیانی گیانی و دارای لێ نەكەوتووەتەوە".

لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچەکەوە نووری حەمەعەلی، گوتی: "ئێستاش هیچ شتێكی نوێ نییە و ناوچەکە ئارامە".

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ لە كوێوە ئەو موشەكانە ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كراون، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئامادە نەبوو زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو ڕووداوە بخاتە ڕوو".

بەپێی زانیارییەكان لە سنووری ناحیەی پردێ سێ مووشەك ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كراوە، وێڕای ئەوەی دەنگۆی برینداربوونی پێشمەرگەیەك بەهۆی ئەو موشەكانە بڵاو بوەوە، بەڵام فەرماندەكانی پێشمەرگە ڕەتی دەكەنەوە.













باسنيوز


Top