ئه‌مەریكا له‌ رێككەوتنی ئێران و چین نیگه‌رانه‌

ئه‌مەریكا له‌ رێككەوتنی ئێران و چین نیگه‌رانه‌
دوای ئەوەی ئێران و چین رێككەوتنێكی 25 ساڵەیان لەنێوان خۆیان واژۆ كرد، كاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، سەرۆكی ئەمەریكا نیگەرانی خۆی نەشاردەوە. ھاوكات ژمارەیەك لە چالاكوانی سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش نیگەرانی خۆیان بە سەرۆكی چین گەیاندووە، ئەوان دەلێن: رێكەوتنەكە بۆ پاراستنی كۆماری ئیسلامی ئێرانە و ھیچ بەھایەكی نیە.

رێككەوتنی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی زۆری لێكەوتووەتەوە، ھەندێك بە دەستكەوت و ھەندێك بە مەترسیی دەزانن، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا گوتی: "چەندین ساڵە نیگەرانی ئەو رێككەوتنە بوومە". ئەگەرچی سەرۆكی ئەمەریكا وردەكاری زۆرتری باس نەكردووە، بەڵام پێدەچێ ئەمریكاییەكان بە رێككەوتنی پكین و تاران تووڕە بن. ھەر زوو لە وەڵامی "جۆ بایدن"دا، عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، "نیگەرانییەكەی بایدن لەجێی خۆیدایە، چونكە بەڕای شەمخانی ھاوپەیمانی وڵاتانی رۆژھەڵات كۆتایی بە ھەژموونی ئەمەریكا لەو ناوچەیە دەھێنێت"، شەمخانی نەیشاردووەتەوە، كە ئامانجی سەرەكی لەو رێككەوتنە بەرگریكردنی چالاكانەیە لە وڵات.

ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران بە شان و باڵی ئەو رێككەوتنەدا دەڵێن، بەڵام 230 چالاكوانی سیاسی و كەسایەتی ئەكادیمی ئێرانی لە نامەیەكدا رایانگەیاندووە، "ئەو رێككەوتنە نا مرۆڤانەیە و ھیچ بەھایەكی نیە"، بەگوتەی ئەو چالاكوانانە، كۆماری ئیسلامی ئێران بەو رێككەوتنە دەیەوێت رێگە لە رووخانی خۆی بگرێت.

تاكو ئێستا ھیچ لایەك دەقی رێككەوتنەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پێشتر رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمەریكایی رایگەیاندبوو كە بەپێی رێككەوتنەكە چین بڕی 400 ملیار دۆلار وەبەرھێنان لەئێران دەكات، لە بەرامبەریشدا ئێران دەبێت پێداویستی نەوتی چین گرەنتی بكات، ھاوكات چینییەكان لە كەنارئاو و دوورگەكانی ئەو وڵاتە جێگیر دەكرێن.

لەگەڵ ئەو كاردانەوانەی لە رێككەوتنەكە كەوتووەتەوە، رۆژی دووشەممە، موستەفا زوولنور، سەرۆكی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت رێككەوتنێكی ھاوشێوەش لەگەڵ رووسیا بكەن، بە گوتەی ئەو ئامانجی سەرەكیش نەھێشتنی كاریگەری گەمارۆكانی ئەمەریكایە و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە.
k24 -
Top