رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە پەیامێک بڵاودەکاتەوە

رێبەری رەوتی سەدر  لەبارەی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە پەیامێک بڵاودەکاتەوە
دوای ئەوەی شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەسەر چەند برگە و مادەیەک، نەیتوانی دەنگ لەسەر پڕۆژەی بودجە بدات و کۆبونەوەی پەرلەمانیش بۆ رۆژانی داهاتو دواخرا، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، جارێکی دیکە بەهۆی ناکۆکییەکان بودجە پەسەندنەکرا و هۆشداری دەدەن لەوەی پێویستە بودجە لەوە زیاتر دوانەخرێت.

پەرلەمان بەهۆی ناکۆکییە سیاسیی، نەتەوەیی، حزبی و مەزهەبییەکانەوە نەیتوانی بودجە پەسند بکات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جارێکی دیکە پەرلەمان بەهۆی ناکۆکییە سیاسیی، نەتەوەیی، حزبی و مەزهەبییەکانەوە نەیتوانی بودجە پەسند بکات و هۆشداری دەدەن لەوەی پێویستە بە زوترین کات بودجە پەسند بکرێت.

رێنمایی لایەنەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن

ئاماژەی بەوەشکردوە، رێنمایی لایەنەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و لەزوترین کاتدا بودجە پەسەند بکەن.

کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان دواخرا

شەوی رابردو ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی شیعە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا و چاوەڕێ دەکرێت لەرۆژانی داهاتودا وادەیەکی دیکە بۆ کۆبونەوە دیاریبکرێت.

لایەنەکان شیعە لەسەرپرسەکانی قەرز، گرێبەستەکان و دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکان بەسەر پارێزگاکاندا ناکۆکن

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەی نێوان لایەنەکانی شیعە و جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لەسەرپرسەکانی قەرز، گرێبەستەکان و دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکان بەسەر پارێزگاکاندا بەردەوامی هەیە و بەوهۆیەش پەرلەمان نەیتوانی ئەمشەو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدات.



خەندان
Top