سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و شاندی کوردستان لەبارەی بودجەوە کۆ دەبنەوە

سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و شاندی کوردستان لەبارەی بودجەوە کۆ دەبنەوە
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، کۆ دەبنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، حکوومەت و کۆماری عێراق و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لە بارەی بودجەی گشتیی عێراق و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

کۆبوونەوەکە لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان دەستی پێکردووە و سەرۆک فراکسیۆنەکان و لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش تێیدا ئامادەن.

بڕیاربوو کاتژمێر 3ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28-3-2021، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی ژمارە 46ـی وەرزی یاسادانانی یەکەم لە ساڵی یاسادانانی سێیەمی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی خۆی، ساز بکات.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر 7ـی ئێوارە دواخراوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان هۆکاری دواخستنەکەی بۆ بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی کوتلە سیاسییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی عێراق، گەڕاندووەتەوە.

بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە بریتییە لە یەک خاڵی سەرەکی، کە دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021.

شەوی شەممە (دوێنێ)، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.














باسنيوز


Top